دواین هەواڵ

دوو سەرکردە و سەردانی گرنگ لە قۆناغێکی هەستیاردا

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

پێش 2 هەفتە

تادێت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ناسک و هەستیار و بەرەو گۆڕینی نەخشە کۆنەکە ، بۆ شێوازێکی تر هەنگاو دەنێت ، لەو ناوچە ئاڵۆزەدا ، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ پێشهات وڕووداوە نوێیەکانی ناوچەکە دەبینێت 
سەردان و بانگهێشتی فەرمی هەر دوو بەڕێزان ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ  واشنتۆن و تاران، وەرچەرخانێکی گرنگ و مێژوویی گەلی کوردە لەڕووی دیپلۆماسی و سیاسی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کە ناوچەکە بەوپەری گرژی و ئاڵۆزییدا گوزەر دەکات ، لەو نێوەدا ڕوانگەی سەرکردایەتیی سیاسی گەلی کورد و بەتایبەتی بەهۆی سەنگ و کاریگەری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی کوردستان و ئەو دیدگا و بۆچوونە ستراتیژی و گرنگانەی کە لەماوەی رابردو و و ئێستەشدا هەنگاویان بۆ ناوە ، لەهەمانکاتیشدا ئاماژەیە ، بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی سەڕەکی لە دوو ناوچەی گرنگ و  لە نێوان دوو جەمسەر جیاوازدا .
بۆیە، مەسروور بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی کوردستان ، هەمیشە هەوڵەکانی لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دایە بەتایبەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، دیدار و کۆبوونەوە فەرمییەکانی لەسەر ئاستیکی بەرز لەگەڵ کۆنگڕێسمانانی ئەمەریکا و  لە هەمانکاتیشدا ئەو هەوڵانەی کە سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەماوەی رابردوو لە بواری ئیداریی و چاکسازی و هاوکاری ئەمنی و وزە و ئینجا فەراهەمکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا ئەنجامی داوە ، ئاماژەیەکی روونن بۆ ویستی واشنتۆن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێری پایتەختی کوردستان .
لەگەڵ ئەوەشدا ، پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمەریکا زۆر مێژوویین هەر ساڵانی نەودەکانەوە تا ئازادی عێراق لەساڵی 2003 و دواتر شەڕی جیهانی تیرۆر لە ساڵی 2014 و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە بۆ هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و  ئەمەریکا ، لە هەمانکاتیشدا مەسروور بارزانی ، لەم بانگهێشتە فەرمییەدا بانگی هەموو وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی ئەمەریکا دەکات بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کە ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بەهێزتر وپتەوتر بکەن ، چونکە هەرێمی کوردستان ، ئەو دوورگە ئارامەیە کە تێیدا سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئایینی وەک نموونەیەکی جوان و کەم وێنەیەی دیموکراسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا 
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، نێچیرڤان بارزانی ، بە شێوازێکی جیاوازی کاری دیپلۆماسی وسیاسی ، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی ئێران مامەڵە دەکات ، لە قۆناغێکی گرنگدا کە ناوچەکە بەهۆی جەمسەربەندییەکانەوە گرژی و بێ متمانەیی لە نێویدا دروست بووە ، لەو نێوەدا  ڕۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم لەکاتی سەردانی بۆ تاران و دیداروکۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ گەورەبەرپرسیانی ئەو وڵاتە ، ئاماژەیەکی روونە ، بەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕۆڵیکی میانەرۆیانە و ئاشتیخوازانە لە ناوچەکەدا دەبینێت و فاکتەری سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەتایبەتی بۆ دراوسێیەکانی و بەکردەوەش ئەو راستییە سەلمێنراوە .
هەروەها هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، ڕێگەی خۆشکەرن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و دوورکەوتنەوە لەهەموو جۆرە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێی لە هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە ململانێ لە نێوان زڵهێزانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ، بەردەوامی گفتوگۆی ئاشتیانە و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریەکان لە سەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش .
بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، هەر دوو سەردان و بانگهێشتی فەرمی لە یەکاتدا و بە شێوازێکی جیاواز نەک هەر تەواو کاری یەکترن ، بەڵکو  هەر دوو سەرۆکایەتییەکەی بە شێوازێکی زۆر ژیرانە و پێشکەوتووانە دیپلۆماسی و سیاسەتەکانیان لە چوارچێوەی گەشەسەندنی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانە لە سەر بنەمای گفتوگۆ و ئاشتی  وچارەسەری بۆ کێشەکان لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕململانێدا .
بەدڵنییاییەوە ، ئەو سەردانە فەرمییانە بۆ  تاران و واشنتۆن ، هەر لەخۆوە نەهاتوونەتە ئاراوە ، بەڵکو  لە ئەنجامی ئەو پلان و خوێندنەوە ستراتیژ و وردبینانەیە کە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە پێناو پارێزگاریکردن لە بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان پەیرەوی دەکەن لەگەڵ زڵهێزانی ناوچەکە و نێودەوڵەتیی ، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا ڕۆڵ و شوێن دەستی هەرێمی کوردستان لە ئایندەی ناوچەکە و بۆ پاراستنی سەقامگیری و زیاتر گەشەسەندنیزیاتر بەرچاو دەبێت ، بەتایبەتی کە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە رابردوو  و ئێستا وداهاتووش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری دەبێ لە دروستکردنی پردی ئاشتی و متمانە و پێشخستنی بەرژوەندییە کانی گەلی کورد لە سەر بنەمای هاوبەش و لۆژیکانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زڵهێزانی جیهان .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP