بە هەڵدانەوەى لاپەرەکانى مێژووى دوێنیی هەڵسوکەوت و عەقڵییەتى دەسەڵاتدارانى عێراق و ئەمڕۆش بەتایبەتى نەک هەر هیچ گۆڕینێک بۆ مامەڵەکردنیان بۆ پێکەوەژیان و هاوبەشى و گەڕاندنەوەى مافەرەواکانى گەلى کورد نەهاتووە ، بەڵکو ستەمکارانەتر و شۆڤێنیزمانەتر لە رابردوو کار بۆ سزادان و شکاندنى شکۆ و ئیرادەى گەلى کورد لە سەر خاک و نیشتیمانى خۆى دەکەن .
ئاشکرایە ،حکوومەتەیەک لەدواى یەکەکانى عێراق لەماوەى 11 ساڵى رابردوودا، بەتایبەتى لەو کاتە سەختانەى کە پێشمەرگەى کوردستان وگەلى کورد لە نێو سەختترین بارودۆخى دارایی و ئابوورییدا شەڕى دڕندەترین تیرۆریستان یان دەکرد وعێراق وناوچەکە وجیهانیان لە هەڕەشەى تیرۆریستان پاراست و بەرگریان لە ئازادى کرد ، ڕێک پێچەوانەکەى عێراق بەڕێگەى فشارى دارایی و سیاسى و ئابوورى تەنها بچووکترین هاوکارى هەرێمى کوردستانى نەکرد ، بەڵکو ڕێگەى بە سیاسیکردنى بابەتى مووچە وبودجەوە خەونى شکاندنى ئیرادە و خۆڕاگرى و کەرامەتى خەڵکى کوردستانى دەبینى و تاقیدەکردەوە و بە ئێستاشەوە ،
بەدڵنییاییەوە زۆر ئەو بیانوو و پاساوانەى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ ڕێگریکردن لە ناردنى ماف و شایستە داراییەکانى گەلى کوردستان دەیگڕنە بەر، بەتایبەتى کە هەرێمى کوردستان لەڕووى پێشکەوتن و گەشەسەندنەوەى لەگەڵ ناوچەکەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق لە هەموو ڕووێکى خزمەتگوزارى و ئاوەدانى جیاوازى هەیە و دەیان ساڵى تریش سەرەڕاى بوونى سەدان ملیارد دۆلار لە عێراق ، بەڵام بە هەدەر دان و گەندەڵى و بەتاڵانبردنى عێراق ئێستا هاوشێوەى گوندێکى وێرانى گەورەیە ، ئەوەش شکستێکى گەورەیە بەرامبەر خەڵکى عێراق ، هەر ئەوەشە هەر جارەو بۆ ئەوەى شکست و گەندەڵیی و تاوانەکانیان بشاڕنەوە ، دێن و پەڵامارى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان دەدەن . لەلایەکى دیکەوە ، ڕێککەوتن و گڕێبەستەکانى کوردستان و ئەمەریکا لە بوارى وزە کە لە بەرژوەندى هەموو لایەکە ، وایکردووە ، بابەتى مووچە وەک کارتێکى فشارى سیاسى و ئابوورى و دەروونى لە دژى خەڵکى کوردستان بەکار بهێنرێت .
ئەوەش خۆى لەخۆیدا شاراوە نییە ، کەوا دەسەڵاتدارانى عێراق بەهەمان عەقڵییەتى ڕژێمە شۆڤێنى و ستەمکارەکانى پێش خۆیان هەڵسوکەوت لەگەڵ گەلى کوردستان دەکەن ، لەکاتێکدا ، هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى ویاسایی و لە هەموو بوارەکاندا هەوڵەکانى لە پێناو چارەسەرى بووە و زۆر لۆژیکانە هەنگاوى وکارى کردووە لەپێناو چارەسەرى پرسە تەکنیکى و گرفتەکانى دیکە لەگەڵ عێراق ، ئەوەش بەڕێگەى نوێترین سیستەم ، تاکو چیتر عێراق پاساو بیانوو بۆ ڕێگریکردن لە ناردنى بودجە و مووچەى کوردستان نەهێنێتەوە ، بەڵام ئەوەى لە راستیدا دەبینرێت ، دەسەڵاتدارانى عێراق نەک هەر پێشێڵى دەستوور و یاسا و دادگەیان کردووە ، بەڵکو هەموو خەون و مەرامیان لاوازکردن و شکاندنى ئیرادە و کەرامەت و نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان بوو ، کە ئەمەش چیتر جێگەى قبووڵکردن نییە ، لەوەش قێزەوەنتر ئەوەیە ، هەندێک کەس و لایەنى بەناو کوردى بوونە چاو ساغ و سیخور نەیارانى کوردستان بۆ گەوجاندن و چەواشەکارى ڕاى گشتى بەشێوەیەک گوایە هەرێمى کوردستان پابەندى دەستوور و ڕێککەوتننەکان نەبووە ، بەدڵنییاییەوە ، ئەو کارەتەشیان سووتا تا لەوڕێگەیەوە بتوانن سواڵى دەنگ بکەن ، چونکە بەکرێگیراوان باجى قورس دەدەنەوە بە ڕێگەى دژایەتیکردنى کوردوکوردستان و ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر ئاستى هوشیارى خەڵک زیاتر بووە و ئەوانەشى سەنگەریان لە دژى ئەم قەوارەیە و ڕێگری لە ناردنى مووچە و بودجەى کوردستان دەگرن دەبێ چاوەروانى باجى قورسیش بکەن .
کاردانەوەى شۆڤێنیەکانى عێراق ستەمکارانە و دوژمنکارانەیە بۆ
یەکەم ،، سزادانى بەکۆمەڵى خەڵکى کوردستان دژى بنەماکانى هاووڵاتیبوون و پێشێڵکردنى بنەماکانى ماف مرۆڤە
دووەم ،، عێراق ، ئازادى و پێشکەوتن و گەشەسەندنى هەرێمى کوردستانى پێ هەرس ناکرێت ، پەشیمان بووەتەوە لە بنەماکانى فیدڕاڵى و جێبەجێکردنى دەستوور و هاوبەشى
سێیەم ،، ڕێککەوتننەکانى کوردستان و ئەمەریکا لە بوارى وزە ، عێراق و ئاغاکانى و خەونەکانیانى شکست پێهێنا و تووشى هیستریا کردوونەتەوە
چوارەم،، جەختکردنەوەى ئەمەریکا ، لەوەى پشتیوانى کوردستانێکى بەهێز لە چوارچێوەى عێراقێکى فیدڕاڵییدا و گڕێبەستى ستراتیژى لە بوارى ئابوورى و وزەدا ، جەختکردنەوەى واشنتۆن لە پشتیوانى گەلى کورد و قەوارەى کوردستان ، دیسان عێراق و نەیارانى کوردى تووشى شڵەژان کردۆتەوە
پێنجەم ،، پەیوەندى لەمێژینەوەى کوردستان و ئەمەریکا ، بەتایبەتى لەماوەى سێ دەیەى رابردوو بەتایبەتى لە دواى ساڵى 2003 وە گەیشتۆتە لووتکە و قۆناغێکى زۆر باش ، ئەو پشتیوانییەش وادەکات ، هەرێمى کوردستان ئەم فشار و گەمارۆ و دژایەتییە گەورەیە بەرامبەر بە گەل و هەرێمى کوردستان زاڵ و سەربکەوێت و خەونى نەیارانى کورد بۆ هەمیشە لەناو بچێت .
بۆیە ، بینیمان چۆن عێراقێکى بەناو فیدڕاڵ هەموو ڕێگەیەکى سیاسى وسەربازى بۆ نەهێشتنى قەوارەى کوردستان تاقیکردەوە ، ئێستا خەونى ئەوە دەبینێت و دەیەوێت بودجە و مووچە وەک کارتێکى گوشار لە دژى خەڵکى کوردستان بەکار بنێت و شانیشى ڕەش وپووکی تاقى بکاتەوە ، بەڵام پێدەچێت مێژوو و ئیرادە و خۆڕاگرى ئەم گەلەیان لەبیر چوو بێتەوە ، لە بیریان چوو بێتەوە گەلێک خاوەن رابەرایەتی وەک سەرۆک بارزانى بێت ، خۆڕاگر و بەهێز بێت ئەوا هەمیشە بەسەر هەموو ئاڵنگارى وبەربەستەکاندا زاڵبووە و سەرکەوتووە .