چەند ساڵێکە ، ئەم گەل و قەوارەیە کەوتۆتە ژێر کاریگەرى و هێرشى قورسى نەیارانى کوردستان ، بە شێوەیەک لە هەر جێگەیەکەوە دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا بێت ئەوا پەڵامارى گەلى کورد و حکوومەتى کوردستانیان داوە ، بەڵام پێدەچێت لە بیریان چوو بێت کە ئەم گەل و نیشتیمانە زۆر لە مێژە بارودۆخى لەوە قورس و دژاوترى تێپەڕاندووە و دواى هەر هەوڵێکى نەزۆکانە بۆ لاوازکردن یا لێدانى کوردوکوردستان ، گەلى کورد زیاتر لە جاران وبەهێزتر بەردەوام بوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەرەواکانى
بە سرنجدان وهەڵوەستەکردن لە سەر هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەماوەى سێ دەیە حکوومڕانى گەلى کورد ، پێشکەوتن و گەشەسەندنى ئەم نیشتیمانە لە هەموو بوارەکاندا ، دەبینن کە دوژمنان وناحەزانى دەرەکى و ناوخۆیی هەمدیسان چۆن شەڕێکى ناڕەوایان لە دژى بەرپاکردووە و هەر جارەو بە سیناریۆ و چەکێکى پەڵامارى کوردستانیانداوە و ئاستەنگ و قەیرانیان بۆ دروستکردووە .، بەتایبەتى لەماوەى ساڵانى 2014 بە ئێستاى 2025 وە ، هەرێمى کوردستان و حکوومەتى کوردستان لەلایەن نەیارانییەوە ، ڕووبەڕووى زۆرترین هێرش و گەمارۆ و شەڕى میدیایی و دەروونى و ئیرادە شکاندن بووەتەوە ، بەرچاوترینیشیان شەڕى ئابوورى و گەشەسەدنى کوردستان بووە .
هەموو ئەو هەوڵانە ، ڕاستە قورس و سەخت و دژوار بوون ، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان ، بەخوێندنەوەى وردبینانە، لۆژیکانە و پشوودرێژانە و ئیدارەدانێکى سەرکەوتووانە و هەروەها بە سیاسەت و دیپلۆماسى و مامەڵەکردنێکى سەرکەوتووانە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان توانیوێتى ئەم گەل و نیشتیمانە لە هەموو ئەو پیلانگێرییان بپارێزێت و ئاستەنگەکانیش لەبەرێت .
بەدڵنییاییەوە ، بەرهەمى ئەو خۆڕاگرى و پشوودڕێژى و ئیرادە بەهێزەى سەرکردایەتی کورد و گەلى کورد ، ئەوەتا ئەمڕۆى وایکردووە ، هەرێمى کوردستان بەڕێز و شکۆ و سەربڵندییەوە و بە ئاڵاى پیرۆزى کوردستانەوە لە لایەن وڵاتانى ناوچەکە و زڵهێزى دونیاوە پێشوازى لێدەکرێت و لە سەر ئاستێکى بەرز و هاوشێوەى دەوڵەتێکى سەربەخۆ دیدار و کۆبوونەوە و گڕێبەستى ستراتیژى لە بوارى وزە و ئابوورى و بوارەکانى دیکەى لەگەڵ دەکرێت ، بە ئاماژەدان بە سەردانى مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان بۆ وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا ، سەرنجدان بەوە ،لەماوەى کابینەى نۆیەمى حکوومەتى کوردستان ڕووبەڕووى سەختترین هەڵومەرجى سیاسى، سەربازى ، ئابوورى و تەندروستى بووە ، وەک کەسایەتییەکى خۆڕاگر و پشوودرێژ و متمانەبەخۆبوو لەماوەى پێنج رۆژدا و لە نێو هەڵومەرجێک کە ڕووبەڕووى ناوچەکە بووەتەوە ، دیداروکۆبوونەوە لەگەڵ گەورەبەرپرسانى ئیدارەى دۆناڵد تڕەمپ ، واژۆکردنى گڕێبەستێکى مێژووى و ستراتیژى لەگەڵ ئەمەریکا بە بەهاى زیاتر لە 100 ملیارد دۆڵار ، خەونى نەیارانى ئەم گەل و نیشتیمانەى بە یەکجارى شکست پێهێنا ، ئەو هەوڵانەى لەمێژوو کاریان بۆ نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان دەکرد
سەردانى سەرۆکوەزیرانى کوردستان بۆ ئەمەریکا ئەم سەرکەوتن و دەستکەوتنە مەزنانەى لێکەوتەوە کە بریتین :
یەکەم،، نوێکردنەوەى پەیامى هاوبەشى و هاپەیمانى کوردستان و ئەمەریکا
دووەم ،، پشتیوانى و ڕاگەیاندنى وەزیرى دەرەوە و لە هەمانکاتیشدا راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەى فیدڕاڵى کوردستان
سێیەم ،، پارێزگاریکردن لە گەلى کورد وەک هاوپەیمانێکى ستراتیژى ئەمەریکا لە عێراقدا
چوارەم ،، تێشکاندنى هەموو ئەو گەمارۆ و هەوڵانەى نەیارانى کورد لە عێراق کە بە ئاشکرا لەلایەن ئێران پشتیوانى دەکرا،و خەونیان لاوازکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان بوو بەتایبەتى لە رووى ئابوورییەوە
پێنجەم ،، بەردەوامیی هاوکارى ئەمەریکا بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە ڕووى چەک و جبەخانە و لۆجستیک و بوارەکانى دیکە .
شەشەم ،، ڕێککەوتننامەى ستراتپژى لە بوارى وزە لە نێوان واشتنۆن و هەولێر ، کوردستانى لە سەر نەخشەى جیهانى دیارتر و بەهێزتر کرد
حەوتەم ،، دەستنیشانکردنى کوردستان وەک سەرچاوەیەکى دابیکردنى غاز و کارەبا بۆ عێراق و وڵاتانى ناوچەکە ، ئاماژەیەکى روونە بە سەنگ و متمانە و بەهێزى هەرێمى کوردستان لە سیاسەتى ئەمەریکا و بڕینەوەى دەستى ئێرانە لە عێراق بۆ دابینکردنى وزە.
هەشتەم،، ئەو ڕێککەوتننامە و سەردانە مێژووییە لەکاتێکدایە ، هەرێمى کوردستانیش وەک قەوارەیەکى متمانەپێکراویی نێودەوڵەتى ، هاوشانى وڵاتانى سعودیە ، قەتەر ، ئیمارات ،شوێن دەستى دیارە لە نێو نەخشە نوێیەکەى ناوچەکە و بەپەراوێز خراویی نامێنێتەوە و لەگەڵ سیاسەتەکانى ئیدارەى ئەمەریکا هاوتەریبە .
دیداروکۆبوونەوەکانى مەسروور بارزانى ،سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەگەڵ چەند وەزیرێکى ئیدارەیی ترەمپ و لە نزیکەوە روونکردنەوەى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و پێشکەوتن گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانى ، ئینجا ئەو سەقامگیرى وئاشتى و پێکەوەژیانە و هەنگاوەکانى حکوومەتى کوردستان لە ڕووى چاکسازى ئیدارى و دارایی و لەبوارى سیستەمى بانکى و ئینجا لەبوارى ئاو و کارەبا و پرۆژەى ستراتیژى دیکە ، جێگەى سەرسامى و سرنجراکێشى بەرپرسانى کۆشکى سپى بوون و کەستایشى سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستانیان کرد. ئەوەى سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەماوەى پێنج رۆژ مانەوەى لە ئەمەریکا لەگەڵ گەورەبەرپرسانى ئەو وڵاتە هەر لەدیداروکۆبوونەوەى گرنگ و ستراتیژى ئەنجامى دا ، لە مێژوودا وێنەى نەبووە ، بەتایبەت ئاگادارکردنەوەى عێراق بۆ پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئەوەى ڕێز لە سەروەرى قەوارەى کوردستان بگرێت و چیتر کێشە بۆ سەربەخۆیی ئابوورى کوردستان دروست نەکات ، ئەوەش ئاماژەیە بەوەى چیتر کوردستان لە رووى سیاسى و دیپلۆماسى و شوناس و نەتەوە پەراوێز ناخرێت و جێگەى بایەخ و گرنگى وڵاتانى زڵهێزى وەک ئەمەریکایە و کردەوە و هەڵوێستەکانیش باشترین بەڵگەن .