دواین هەواڵ

بیانووە نەبڕاوەکانی عێڕاق کەی کۆتایی دێن؟

‌کریستین کارۆخ

پێش 3 هەفتە

ئەو بیانووانەی سیاسیەکانی عێراق لەگەڵ قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی بوجە و مووچە و ڕێکەتنەکانی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا دەیکەن، بەتەواوی سیاسیە، چونکە عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان بەدەر لە کۆنتێکستی عێڕاق سەیر بکرێت، لەخوارەوە بە درێژی باسی دەکەین، بەڵام سەرەتا دەبێت باس لەوە بکەین کە بۆچی عێراق پرسی بەبارمتەگرتنی مووچە وەک ڕێگایەک بۆ دروستکردنی فشاری سیاسی و ئابووری و سایکۆلۆژی خەڵکی کوردستان بەکاردەهێنێت؟ 

ڕوون و ئاشکرایە کەوا بەرپرسانی عێراق بە  هەمان عەقڵیەتی ڕژێمی شۆڤێنی پێشوو  مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

زیاتر لە ١٠ ساڵە لەڕێگای بە سیاسیکردنی پرسی بوجە و مووچەوە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان تاقیدەکەنەوە، بەڵام خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی، خۆڕاگری خۆیان نیشانداوە و بەسەر هەموو ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەدا زاڵبوونە کە حوکمەتی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی کوردستانی دروستکردووە.
لە ئێستادا کە بەرە بەری جێژنی قوربانە  حکومەتی بەناو فیدڕاڵ دەیەوێت مووچە وەک کارتێکی فشار، دژی نەتەوەیەکی مەزڵووم بەکاربهێنێت، ئەم ڕفتارەش دوورە لە هەموو پرنسیپەکانی مافی هاوڵاتیبوون لە دەوڵەتێکی فیدڕاڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و تەنانەت سەرەتاییترین پرنسیپی مافەکانی مرۆڤیش.  

دیدگای ستراتیژی ئەمەریکا وەک ڕزگارکەر و فریادڕەسی عێراق بریتیە لە بوونی هەڕێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی عێڕاق، ئەم دیدگایەش لەلایەن سیاسیەکانی عێراقەوە هەرس ناکرێت و پێیان قبوڵ ناکرێت، بەتایبەت دوای سەردانی ئەمجارەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێم بۆ واشنتن و واژۆکردنی چەند ڕێکەوتنامەیەکی گرنگی ئابووری و ووزە، هەروەها پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی به‌ڕێز مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لەگەڵ به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئەم پێشهاتە گرنگانەن کە تاکید لە دیدگای ستراتیژی ئەمەریکا دەکەنەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.

ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتیەی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان پاشخانێکی مێژوویی هەیە، ئەمەش دوای ڕاپەڕین و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان و یەکەم هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان و دروستبوونی دیفاکتۆی هەرێم، ئەمەش دوای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش کە بە (No-Fly Zone) ناسراوە، بەجۆرێک دەرفەتی ڕەخساند بۆ دروستبوونی نەوایەکی ئارام بۆ دەستەڵادارانی ئێستای عێراق تاکو لە کوردستان، خۆیان و خێزانەکانیان بە ئازادی بژین، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم دەستە بژێرە سیاسیەی عێڕاق بە بڕینی مووچە چاکەی خەڵکی کوردستان دەدەنەوە.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین چۆن هەرێمی کوردستان توانی بەسەر تیرۆرستانی داعش زاڵ بێت و سەرکەوتوو بێت، ئێستاش دڵنیاین هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەتوانن بەسەر  ئەم فشارە سیاسی و ئابووریە زاڵمانەی بەغدا زاڵ بێت و سەربکەوێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP