دواین هەواڵ

بۆچى لە پێناو شکۆى کوردستان لە عێراقى فاشیزمى بکشێنەوە ؟؟؟

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

23 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گەڕانەوە بۆ هەموو ئەو  خەونە نەزۆکانەى دەسەڵاتدارانى عێراق لەماوەى 15 ساڵى رابردوو چ لە سەر ئاستى بەکارهێنانى هەندێک تاقم و لایەنى سەر بە بەغدا بەناوى کورد و دروشمى کوردى و ئۆپۆزسیۆنى مورتەزەقە و تابوورى پێنجەم بۆمان دەردەکەوێت هەموو ئەو هەنگاوانە هەر لە ساڵى 2011 وە بە خۆپیشاندان ساختە و مانگرتن و هێرش وپەڵاماردان بە دروشمى بڕوخێت کوردستان بە سیناریۆ و پیلانى پێشتر دارێژراوەى عێراق و وڵاتێکى هەرێمى بووە بە ئێستاى ساڵى 2025 
ئەگەر سەرنج و هەڵوەستەى ورد لەسەر رووداوەکانى بکەن ، هێرشى میدیایی و چەواشەکارى و تا بە زۆر پەلەکێشکردنى خەڵکانێک لە نێو ئەو لایەنانەى و بەکارهێنانیان بۆ دروشم گووتنەوە و کارى توند وتیرژى و جنێودان و سووکایەتیکردن بە خەبات و مێژوو و سەروەرییەکانى و ئینجا پەلاماردانى دام و دەزگاکانى حکوومەت و دواتر شکستى هەموو ئەو هەوڵانە و ئاشکرابوونى دەستەکان و پاڵپشتییەکان ، هیچ ڕێگەیەکى جگە لە بەکارهێنان و خۆ تاقیکردنەوە بە هێرش و پەڵاماردانى سەربازى و میلیشیایی بۆ سەر هەرێمى کوردستان نەهێشتەوە ، هەڵبەتە بۆ ئەوەش پاساویی ڕێفراندۆمى سەربەخۆیی بەکارهێنرا ، ئەوە بوو لە رۆژى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 هەزاران میلیشیا و پاسدار و دەزگەى هەواڵگرى و جبەخانە لە هێرشێکى چڕ و پڕدا هێرشیان کرد بە مەبەستى کۆتایی هێنان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، خەونێک کە پێشتریش نوورى مالیکى سەرۆکوەزیران ئەو کاتەى عێراق خۆى بۆ ئامادە کردبوو و ئەندازیارى جێبەجێنەکردن دەستوور و بڕینى بودجە و مووچەى کوردستان بوو ، دواتر پیلانى هێرشکردنەکە لەلایەن حەیدەرى عیبادییەوە دژى کوردستان کرا ، بەڵام رووبەڕووى بەرگرى قارەمانانەى هێزى پێشمەرگە و گەلى کوردستان بوونەوە .

ئەوەتا دەسەڵاتدارانى عێراق بەوەشەوە نەوەستاون هەر لە ساڵى 2018 وە تا ئێستە بە سیناریۆ و پیلانگێرى بەردەوام درێژەى بە سیاسەتى لاوازکردنى هەرێمى کوردستان و شەڕى دەروونى وئیرادە و تابوورى پێنجەم و ئابوورى و برسیکردنى گەلى کورد دەدەن ، ئەوەش ئاماژەیەکى مەترسیدارە بەوەى بەغدا مەرامى خراپە و دامودەزگاکان و بەتایبەتى دادگە و بودجە وەک کارتێکى فشار بۆ سزادانى بەکۆمەڵ بەکار دێنێت ، ئێستا دواى ئەوەى سەرکردایەتیی سیاسى هەرێم هەموو ڕێگە یاسایی و دەستوورى و لۆژیکى و سیاسییەکانى لەگەڵ عێراق تاقیکردەوە ، پێناچێت بەغدا هەنگاوى چارەسەرى بهاوێژێت ، چونکە بەکارهێنانى مووشەک و درۆن لە جیاتى جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکان بەتایبەتى ماددەى 140 ى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان لەلایەک و ڕێگریکردن لە هەناردە کردنەوە نەوتى کوردستان لەلایەک و نە ناردنى مافى بودجە و مووچە و رەنگە لە داهاتووشدا دادگە جارێکى تر بۆ بڕیارێکى مەترسیدار دژى کوردستان بەکار بهێنرێت ، ئاماژەن بەوەى عێراق بڕیارى شەڕى لەگەڵ کوردستان داوە .

بۆچى کوردستان لە عێراق بکشێتەوە : 

یەکەم ،، عێراق لە دواى 2014 وە لە جیاتى جێبەجێکردنى مافە دەستوورییەکانى تایبەت بە هەرێمى کوردستان ، رۆژ بە رۆژ پاشەکشەى کردووە و لە جیاتى هێزى بەکارهێناوە 

دووەم ،، ئێستا باشترە بکشێتەوە و باشترین کارتى گوشارە چونکە ڕەنگە سبەى دەرفەتەکە قورستتر بێت عێراق خەونى خراپ بەرامبەر بەکوردستان دەبینێ و پیادە دەکات 
سێیەم ،، کاتى ئەوە هاتووە هەموو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێنە سەر هێڵ ، لەگەڵ ئەوەى نوێنەرانى کورد ، بەسەرۆککۆمار و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران نەیانتوانى عێراق ناچار بکەن و پابەندى بکەن بۆ قەرەبووى کۆمەڵکوژى ، زیندەبەچاڵکردن و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە ، وێرانکردنى زیاتر لە 4500 گوند و بێ سەروشوێنکردنى زیاتر لە 200 هەزار مرۆڤى کورد ، وەک چۆن کوێت بە زۆر عێراقى ناچارکرد وەک میراتگرى ڕژێمەکەى سەدامى ڕووخاو قەرەبووى بکاتەوە ، ئەو هەڵە ستراتیژییە وایکرد کە تا ئێستا دەسەڵاتدارانى بەغدا بەردەوام بن لە سیاسەتى بەعەرەبکردن و راگواستن و ستەمکارى بەرامبەر بەگەلى کورد.

چوارەم ،، کاتى ئەوە هاتووە ناوچە داگیرکراوەکان چ بە فشارى دیپلۆماسى و سیاسى بێت یانیش هێزى پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکەکانى سنوورى ماددەى 140ى دەستوور چوونکە عێراق ئامادە نییە دەستوور جێبەجێ بکات و کوردستانیش مافى خۆیەتى .

پێنجەم ،، زۆر هەوڵماندا و خەونى جێبەجێکردنى دەستوورمان بینى ، نەک سەرۆک کۆمار پارێزەرى دەستوور بوو  ، نەپەرلەمانتاران و نە وەزیرە کوردەکانیش لەماوەى 20 ساڵى رابردوو دەسەڵاتدارانى بەغدا ناچار بکەن یەک مادەى دەستوورى تایبەت بە مافەکانى گەلى کورد جێبەجێ بکەن و ئەویش پێشێڵکرا .

شەشەم ،، هەموو جومگەکانى دەسەڵات هیچ هاوبەشى و سازانێکى تێدا نەماوە ، لەلایەن دەسەڵاتى زۆرینەى عەرەبى شیعەوە قۆرخکراوە ، بە حەز و خواستى خۆیان بڕیار بە سەر گەلى کورد دا دەسەپێنن و لەکاتێکدا نەک کورد وەک دووەم  گەورە نەتەوە و نە پێکهاتەکانى تر مافى ناڕەزایی دەربڕینیان هەیە .

حەوتەم ،، بڕیارەکانى دادگەى فیدڕاڵى تەنها لەبەرژوەندى تاقم و گروپێکى میلیشیا خۆسەپێننە و تەنها ئەو بریارانە دەچنە بوارى جێبەجێکردنەوە کە لەدژى گەلى کورد و قەوارەى هەرێمى کورستانن 

هەشتەم ،، هەنگاوەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق 20 ساڵە پشتیان لە هەموو بنەماکانى فیدڕاڵى و هاوبەشى کرد و ئیستا دەوڵەتى عێراق بە کردەوە  ناوەندییە و باوەریان بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، فیدڕاڵییەت و ئۆتۆنۆمى نەماوە و چەند ساڵە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵى هەڵوەشاندنەوە دەدرێت .

نۆیەم ،، هەموو ئەوانەى ئێستا لە عێراق دەسەڵاتیان لە بەردەستە بە زێهنێەتێکى فاشیزمى و بەعسیزم مامەڵە دەکەن و باوەریان بە دەستوور و دیموکراسى و برایەتى و ڕێککەوتننامە و بەڵێننامە نییە و ڕق ئەستوورن بە رامبەر بە کوردوکوردستان .

دەیەم،، لە ماوەى 20 ساڵى هەر بە سەرۆککۆمارەکان و تا وەزیرە کوردەکان و پەرلەمانتارە کوردەکان نەک هەر نەیانتوانى بەرگرى و داکۆکى لەمافەکانى گەلى کورد بکەن ، بەڵکۆ  زۆربەیان دژى هەرێمى کوردستان کاریان کردووە و هەموو کێشەکان راستەوخۆ گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان تا لەوێ چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە واتا ئەو پەرلەمانتار و وەزیرانە زۆربەیان زیانیان زیاتر بووە تا لەبەرژوەندى گەل ونیشتیمانەکەیان بن .

کاتى ئەوە هاتووە ئیتر سەرکردایەتى سیاسى هەرێمى کوردستان پشت بە هێزو لایەنە نیشتیمانپەوەرەکان ببەستێت ، ئەگەر هەر هێزێک ویستى خۆى بە عێراقەوە هەڵبواستێت ، بەدڵنییاییەوە لەلایەن گەلى کوردستانەوە سزا دەدرێت ، لە هەمانکاتیشدا ئیتر هەر چۆنێک بێت هەڵویستى رژدى کوردانە بەرامبەر ستەمکارییەکانى عێراق وادەکات عێراق بەرەو گرژى و ئیفلیجى بروات  و دەیان کێشەى دیکە دروست ببێت ، لە هەمانکاتیشدا کاتى ئەوەش هاتووە حکومەتى کوردستان وەک بە پلانێکى ئابوورى و ستراتیژى هەنگاوى سەرەتایی بۆ چارەسەرى مووچە وبودجە دابنێت هاوشێوەى ساڵى 2014 ئەو کاتەى عێراق سزاى بەکۆمەڵى خەڵکى کوردستانى دا ، بەڵکو کوردستان خۆى نەچەماند و بەهێزتر بوو ، لەگەڵ ئەوەشدا  هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى دۆست وهاوپەیمانى گرنگى هەیە ، ئەگەر هەر دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامبوون لەنکۆلیکردن ، گرنگە کارتى گوشارى بەهێزترى دیکە کە دڵنیام بە زیادشەوە هەیە تا چۆک بە ملهورەکانى عێراق دابنێت بەکار بێنێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP