دواین هەواڵ

هەرێم لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازی زۆر سەختدا

‌مامۆستا جەعفەر

2 رۆژ پێش ئێستا

هەرێم لە بەردەم دووڕیانێكی چارەنووسسازی زۆر سەختدا

كشانەوە وەكو  بەهێزترین كارتی گوشار !

هەرێم لە ساڵی 2003 بەدواوە ، لەبری جێگركردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان ، رۆژ بە رۆژ  پاشەكشەی كردووە . زۆرجاریش تێكەوتووە و هەڵەی قورسی كردووە . تا ئەمڕۆش خەڵك باجی ئەو هەڵانەی دەسەڵات دەدات .

هەرێم لەكاتی خۆیدا داوای قەرەبووی : جینۆساید ،  ئەنفال ، ژەهربارانی هەڵەبجە و وێرانكردنی پێنج هەزار گوند و شارۆچكەی نەكردووە . گوایە : هەموو تاوانەكان رژێمی سەدام كردوونی . داواكردنی قەرەبوو عەیبە! ئەی سیاسەتی تعریب و پاكتاوی نەژادی شۆڤینی سەردەمی سەدام بەردەوامە ؟ !

جێگیركردنی سنووری هەرێم ، رادەستی مادەی 140 كرا . ناوێكی ترسنۆكانەی بۆ دیاری كرد ناوچەی جێیناكۆكی (المناطق المتنازع عليها)
پشتمان بە دەستوور بەستبوو : بە رۆژی نیوەڕۆ  ئەویش پێشێلكرا .
ئەنجومەنی نوێنەران : عەرەب مۆنۆپۆلی كردووە . زۆرینە بڕیار دەدات . كەمینەش تەنیا مافی ناڕەزایی دەربڕینی هەیە . كورد و توركمان و كلدۆئاشووری مافی ڤیتۆیان نییە . (ئەنجومەنی هەرێمەكان) وەكو مادەی 140 لێبەسەرهات .

دادگای فیدرالی ، بڕیارێك نادات ، ئیرادەی دەسەڵات بڕووشێنێت .

* راستییەكی گشتی هەیە : سروشتی دەوڵەتی مەركەزی هەر خۆی وایە : بڕوای بە هەرێم ، ئۆتۆنۆمی ، مافی فەرهەنگی  و مافی كەمینە و .... نییە . بە بەردەوامیش هەوڵی بنكۆڵكردن و  هەڵوەشاندنەوەی هەرێم و بچووكترین مافی گەلانی بندەست دەدات .

* زۆربەی ئەوانەی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی عەرەبی لە بەغدا دەكەن ، خۆیان بە شوێنگرەوەی دەسەڵاتی سەدام حوسێنی فاشی دەزانن . ئەمانە نە بڕوایان بە دەستوور هەیە و نە بڕوایان بە دیموكراسی و برایەتی و وەعد و پەیمان هەیە . زۆر رقیان لە كوردە . لێدوانەكانیان هاوار دەكات .

* زۆربەی ئەوانە بۆ بەغدا رەوانە كراون ، لە سەرۆك كۆمارەوە بۆ سادەترین راوێژكار و سكرتێر... بەگشتی مەبەستیان داكۆكی لە مافی گەلی كورد نەبووە و نییە . زۆربەیان ویستوویانە : بەرژەوەندی و قازانجی تایبەتی خۆیان پەرەپێبدەن . هەرێمیش ئازادی داونەتێ . هێزە سیاسیەكانی هەرێمیش درێغیان لە ناردنی كەسانی لاواز و بۆش و بەتاڵ نەكردووە . هەندێك لەمانە زیانیان گەیاندووە و حەیای كوردیان بردووە .

كەسایەتیەكی بەڕێز  و زانای وەكو  د.فازیل نەبی لە بریكاری وەزارەتی دارایی لادرا كێ جێگای گرتەوە ؟

بەشێكی ئەم كەسانەی گوایە : دەیانەوێت  نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان بكەن : خۆیان لێگۆڕاوە ; شەش ئەوەندەی عەرەبێكی شۆڤینست عەرەبچێتیان كردووە . بە حیساب بە شان و شەوكەتی خۆیان ئەو پۆستەیان وەدەستهێناوە .

چارەسەر چییە؟
************
دەبێ هەموو هێزە كوردستانیەكان یەك هەڵوێستیان هەبێت . ئەگەر حكومەتی بەغدا ، هەر سوور بوو لەسەر سزادانی مووچەخۆرانی هەرێم ، بە بیانووی ئەوەی هەولێر پابەندی بڕیارەكان نابێت ; ئەمە بیانوویەكی لاواز و نادەستووریە . گریمان : پارێزگاری بەسرە ، یاساشكێنیەكی كرد ، بەغدا پارێزگار سزا دەدات ، یان مووچەی مووچەخۆرانی بەسرە دەبڕێت ؟

بە یەكگرتوویی لە بەغدا بكشێنەوە .

گریمان : پاژێكی هێزە سیاسیە كوردستانییەكان لەسەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ حكوومەتی بەغدادا سوور بوون و چارەنووسی گەلی كوردستان لای ئەوان هیچ نرخێكی نەبوو . ئەوە دڵنیا بن گەلی كورد سزای قورسیان دەدات .

گریمان وەكو نموونە : تەنیا یەكێتی و پارتی مانەوە . ئەم دوو هێزە ”هەڕەشە” دەنووسم ، هەڕەشەی كشانەوە لە حكوومەتی بەغدا  بكەن :  وەزیرەكان ، سەرۆك كۆمار ، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن . حكوومەتی بەغدا ئەگەر نەڕووخێت ، تووشی ئیفلیجی و ریسوایی دەبێت . ئیدی هەڵبژاردن ناكرێت و  هەزاران كێشەی گەورە لە بەغدا دروست دەبێت ...

ئەمە بە مەرجێك سەركەوتوو دەبێت : دەبێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بخورێنێت ،  مووچەی مووچەخۆران وەكو خۆی بدات و چەند هەنگاوێكی ئابووری - ستراتیجی بنێت و دەست لە سیاسەتی پاڕانەوە و  خۆچەماندنەوە و لاوازی هەڵبگرێت . لە ساڵی ١٩٩٢-٢٠٠٣ مووچە و میزانیە لە بەغداوە نەدەهات كەسیش لە برسا نەمرد .
هەرێمی كوردستان هاوپەیمانی زۆرە و دەكرێ ئەگەر بەغدا بە رێككەوتن ملی نەدا ، ئەوە بژادە و كارتی بەهێز هەیە .

لەمەودوا با هەڕەشە لە قامووسی زمانەوانی دەسەڵات بسڕدرێتەوە ، یان ئەگەر هەڕەشە كرا  : هەڕەشە بێت  ، دەسەڵاتدارانی ئەوێ بزانن ،  بەغدا پێش هەولێر زەرەرمەندی یەكەم  دەبێت ...

مامۆستا جەعفەر
 ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN
ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی
10.07.2025

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP