دواین هەواڵ

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرەو كوێ ؟

‌مامۆستا جەعفەر

16/10/2023

 یەكەم نامیلكەی یەكێتی ناوی ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆچی؟ ) بوو ، بە عەرەبی ( الإتحاد الوطني الكردستاني لماذا ؟ ) ئەم نووسینەی منیش پاش چل و هەشت ساڵ لە دروستبوونی یەكێتی ناوم لێ ناوە ( یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرەو كوێ ؟) چونكە وا هەست دەكەم ، ئاڕاستەیەك لە ئاڕاستەكانی ئەم حزبە دەیەوێت ئاڕاستەی سیاسی خۆی ، رێڕەوی پێشووی خۆی ، بە شێوەیەك بگۆڕێت ، كە بە بوونی خۆی و بزوتنەوەی نیشتمانیش زیان دەگەێنێت .

یەكێتی لە جەوهەردا ، رێكخستنێكی جەماوەری ، سیاسیە . ساڵی ١٩٧٥ ئامانجێكی سیاسی روونی هەبوو ، درێژەپێدانی شۆڕش و بە هێزكردنی گیانی بەرەنگاری .

ئەم رێكخستنە لە سۆنگەی بڕوابوونی بە تاكتیكی خەباتی چەكدار دژی رژێمی بەغدای پێشوو ، پاش نزیكەی ساڵێك لە كاری رێكخستن و پشتبەستن بە كۆمەڵە و بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان ، شۆڕشی هەڵگیرساند . كرۆكی بیر و هێڵی سیاسی كۆمەڵە : رێكخستن و كاری سیاسی بوو . مام جەلال هەمیشە نەخشەرێگای سیاسی و هێڵی سیاسی و پەرەپێدانی كاری سیاسی لەبەر چاو بوو .

كاری راگەیاندن و چالاكی ، بڵاوكردنەوە بیروڕای یەكێتی لە كارە پێشینەیەكانی ئەم رێكخراوە بوو . هێزی پێشمەرگەش ، بەگشتی ، رۆژانە ، لە رووی بیروباوەڕەوە پەروەردە دەكرا . هەر ئەوەش نهێنی مانەوە و خۆڕاگریی گەلەكەمان بوو . هێزی چەكداری بێبیروباوەڕ ، دەیان سەركەوتنی كاتیش وەدەستبهێنێت ، چارەنووسی هەر تێكشكان و دۆڕاندن و هەڵوەشانەوە دەبێت ..

شۆڕشی ئەیلوول ، لە رووی عەسكەرییەوە ، هێزێكی گەورە و تۆكمە و پڕ چەك بوو . بەڵام لە رووی ئایدیۆلۆجی و سیاسییەوە كێشەی قورسی تێكەوت . ئەم هێزە عەسكەرییە مەزنە پاش رێكەوتننامەی جەزایر ١٩٧٥ تووشی هەرەس و نسكۆ هات . پاژێك لە تەشكیلاتی سیاسی پارتی توانی خۆی بگرێتەوە و درێژەی بە كاری سیاسی خۆی بدات و بۆ سەر شانۆ بگەڕێتەوە ..

  ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان ئەوە دەبینین : رێكخراوێكی چەكداری بەهێز و خاون میلیشای باش مەشقپێكراو ، كە تەنیا چارەسەری عەسكەری لە بەرچاو دەگرێت ، چەند زەرەر بە چارەسەری سیاسی دەگەێنێت . رێكخراوی حەماسی فەلەستینی ( بە نمونە ) ساڵی ٢٠٠٧ لە كەرتی غەزەدا ، هەڵبژاردنی لە رێكخراوی ئازادی فەلەستین ( منظمة تحرير الفلسطينية ) بردەوە . بەرەی چارەسەری سیاسی ، بە ناشیرینترین شێوە سووكایەتی پێكرا و شاربەدەر كرا .

ئەم رێكخراوە بڕوای بە كاری سیاسی و چارەسەری سیاسی و دپلۆماسی و دیمۆكراسی كێشەی فەلەستین كەمتر هەیە . دروشمی سەرەكی ئەو بریتیە لە ( لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل تاقە چارەسەرە ) . رۆژی ٢٠٢٣/١٠/٧ بە هێزترین گورزی لە ئیسرائیل وەشاند و شكۆی باڵادەستی سوپای ئیسرائیلی وێران كرد . پێش حەماس چەندین گروپی وەكو ( أبو نضال ) و ( الجبهة الشعبية لتحرير فلسطين ) بە سەدان كەسیان لە ئیسرائیل كوشت و چەندین فڕۆكەیان فڕاند و تەقاندەوە ، لە ئەنجام دا ئێستا هەر ناویشیان لەناواندا نەماوە .

ئیسرائیل هێشتا لە جێگەی خۆیەتی و بە تەق و تۆق و گرم و هوڕی هەندێ گروپی ناسیاسی هەروا بە ئاسانی لەناونەچێت . كاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە ئیسرائیلیش چەند توند و قایم بێت ، بەهەمان شێوە ناتوانێت حەماس لە رەگ و ریشەوە هەڵبكەنێت ، ئەگەر چارەسەری ئاشتیانەی بۆ كێشەی فەلەستین لەبەر دەست نەبێت . یەكێتی پاش (٤٨) ساڵ ، ئەگەر بیەوێت شاڕێی كارو خەبات و سروشت و ناسنامەی خۆی بگۆڕێت و ناسنامە و رێباز و هێڵی سیاسی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە ، ئەوە ئەو قازەیە فێری رێكردنی پۆڕ و كەو نابێت و رێكردنی خۆیشی بیر دەچێتەوە .

تانك تانكە ، پاپۆڕ پاپۆڕە و پاسكیلیش پاسكیلە : پارچەیان بۆ یەكتری نابێت ! نەوەی نوێ جگە لە راگەیاندن و ریكلامی سیاسی یەك لە سەدی مێژووی یەكێتی و پارتی نییە ، كەچی لە هەڵبژاردن دا ، شان لە شانی ئەوان دەدات . هەندێ كاندیدی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١/١٠/١٠ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا ، شەش بەرانبەری كاندیدی ئەوان دەنگی دوریەوە ! گرەودانان لە سەر پشتگوێ خستنی بیر و كاری سیاسی ، یەكێتی لە سەركەوتنی سیاسی نزیكتر ناكاتەوە ! كێشەكانی دیوی ناوەوە و دەرەوەی گەورەتر دەكات .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP