زانایانی بریتانی زانكۆی كامبرج پاش ساڵێك ، توانیان سەرلەنوێ پارچە ئێسكی سەری ژنێك ، پێكەوە بلكێننەوە ، دەموچاویشی بۆ دروست بكەنەوە . ئەم ژنە پێش حەفتا و پێنج هەزار ساڵ لە ئەشكەوتی شاندەر ژیاوە . كاتی مردنی تەمەنی نزیكەی چڵ ساڵ بووە . رەگی دانەكانی تووشی كلۆری و داخوراندن بووە . پووكیشی ئاوسانی قایمی هەبووە .
ئەم قۆناخە لە مێژووی مرۆڤایەتی ناوی لێنراوە ( مرۆڤی سەردەمی نیاندرتال ) ئەم ناوە لە ناوی شوێنێكەوە وەرگیراوە ، كە لە ئەڵمانیایە Neanderthal مرۆڤی ئەم قۆناخە تایبەتمەندی خۆی هەیە ( ئێسك ئەستوور ، ناوشان پان ، مل كورت ،.... ). پێش دۆزینەی ئێسك و پروسكی ژمارەیەك كەسی سەردەمی نیاندرتال - ئەشكەوتی شاندەر ، زانایان پێیانوابووە : مرۆڤی نیاندرتال گیانلەبەرێكی دڕندە بووە و هەروەكو ئاژەڵ ژیاوە . لە سۆنگەی ئەم دۆزینەوە زانستییە دەزانرێت . مرۆڤی نیاندرتال مرۆڤێكی عاقڵ بووە و بە گوێرەی نەریتی خۆیان مردووەكانیان ناشتووە و بە گوڵ لاشەكانیان داپۆشیوە... تاد .
تكایە با پەرلەمانی داهاتوو ، حكومەتی هەرێم : یاسای توند بۆ پاراستنی شوێنەوار دابنێن و سزای قورس بۆ باندی دزیی شوێنەوار دابنرێت !
باندی دزی شوێنەوار سنوور دەبەزێنن و ئامرازی كۆڵین و شۆفڵیان پێیە و كەسیش رێگریان لێ ناكات ! بەم شێوەیە نەك هەر مێژووی گەلێك بەڵكوو مێژووی مرۆڤایەتی زیانی قورسی پێدەگات .....