دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 04/08/2021

پێگەی هەرێمی كوردستان لە ململانێی نێوان گروپ و هێزە شیعەكاندا

1-كورتە باسێكی پێشوەختە

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كۆتاییەكەی لە عێراق ڕاگەینرا و دەوڵەتە زلهێزەكانی دونیا دژی ڕیفراندۆمی كوردستان وەستانەوە و سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكان ناوچە داگیركراوەكانیان پركردەوە و هەرێمی كوردستانیان گەمارۆدا لە چوارچێوەیەكی بچووكی سیاسی ئیداریدا، دەرئەنجامی ململانێی نێوان زلهێزەكان كۆتاییان بە دەسەڵاتی حیدەر عەبادی هێنا و عادل عەبدول مەهدی بوو بە سەرۆك وەزیران، دواتریش عادل عەبدول مەهدی نەیتوانی بەردەوام بێت و خواست و بەرژەوەندیە جیاوازەكان پێكیاندا و خۆپیشاندانەكانی بەغداد و چەند شارێكی تر تا دەهات گەرم و گوڕتر دەبوو، كوشتنی خۆپیشاندەران و وتاری هەفتانەی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان و قسەو گوفتاری بەرپرسە شیعییەكان و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە بیانییەكان بارودۆخەكەی ئاڵۆز كردبوو، بۆ دواجار ئێران و ئەمریكا دەبنە یەك دەنگ بۆ دیاری كردنی مستەفا كازمی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق و و بەرهەم ساڵەح سەرجەم مەلەفەكانی تایبەت بە سەرۆك وەزیرانی پێ دەبەخشێت. 

2- مستەفا كازمی،بوونی بەسەرۆك وەزیرانی عێراق

مستەفا كازمی دەبێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق و یەكسەر دەبێتە چەقی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و هەریەكەیان بەلای خۆیدا ڕایدەكێشێت، میلیشیاكانی ئێران ( حزب الله، عەسائیبی ئەهل الحق، سەریا خوراسانی، كەتیبەكانی ئیمام عەلی، سەرایا سەلام، ڕێكخراوی بەدر... هتد) لە ژێر ناوی حەشدی شەعبیدا( ئەم گروپانە و چەندین گروپی تر دەسەڵاتیان هاوشێوەی حكومەتە و هەندێك جار لە حكومەت بەهێزترن، خەڵك دەڕفێنن و دەكوژن، وەكو كوشتنی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق،
سەركردەكانیان لە نێو حكومەتن و پۆستی هەستیاریان بەدەستە، چەندین دەروازەی سنووری زۆریان بەدەستەوەیە، لە ناوخۆدا بازگەیان لە ڕێگا گرنگە بازرگانییەكان داناوە و باج و سەرانە لە بارهەڵگر و كەلوپەلی بازرگانی وەردەگرن، ڕێگا لە كاربەدەستانی حكومی دەگرن، ڕێگا نادەن كاروباری ئیداری ئەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گرتووە بەڕێوە بچێت، ڕەشوەیەكی زۆر لە هاوڵاتی ئاسایی وەردەگرن،

دەسەڵاتێكی زۆریان بەسەر بەڕێوەچوونی كاروباری ئیداری ناوچەكان هەیە، لە پێش زۆرێك لە فەرمانگەكان بە ناوی دانانی مۆبایل و كەل و پەل و پاركی ئۆتۆمبیل پارە لە خەڵك وەردەگرن، ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەریان كوشتووە، بە ئاشكرا هەڕەشەیان لە خۆپیشاندەران دەكرد،

بازرگانییەكی گەورەی تلیاك و نەوتی قاچاغ و دەرمان و گازی قەدەغەكراو و كەرەستە كیمیاییە قەدەغەكراوەكان و نەوتی نا یاسایی و خواردنی ماوە بەسەرچوو  درووست كردووە لە نێوان عێراق و ئێران و سوریا و لوبنان  دەكەن )، بەم هەموو تایبەتمەندییەوە بلۆكێكی گەورەی تایبەت بە خۆیان لە نێو عێراق درووست كردووە، هاو شانی حكومەتن و ڕكابەری حكومەت دەكەن، دەیانەوێت سەرجەم بڕیارەكانی حكومەت لە بەرژەوەندییان بێت.

لە لایەكی ترەوە بلۆكێكی تری دەسەڵات  حكومەتە و مستەفا كازمی دەیبات بە ڕێوە و تەواو ئفلیجە بەرامبەر بە میلیشیاكان، ئەوەندە نەبێت هێزی دژە تیرۆر و  فرقەی ئاڵتونی... لە ژێر دەستی دایە، سوپا و پۆلیس گەندەڵییەكی زۆری ئێداری تێدایە و توانانی خۆ ڕاگرتنی نیە، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی زۆری بەرپرسەكانی سوپا و پۆلیس پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە، ئەوەی گرنگە بە پشتیوانی ئەمریكا خۆپیشاندەران و شەقامی عێراقی گۆڕانكارییان لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا كرد و ئێستا بەرەیەكیان گرتووە.

ئەوەی پەیوەستە بە پەرلەمانەوە میلیشیا شیعەكان بە هاوكاری ئێران دەستی تەواویان بەسەردا گرتووە، تەنانەت بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایان بە پەرلەمان دەركرد. جگە لە پەرلەمان زۆرێك لە پارێزگار و قایمقام و دەسەڵاتە خۆجێیەكان و بەڕێوبەرە گشتییەكان.... لایەنگیری خۆیان بۆ حەشدی شەعبی یەكلا كردۆتەوە.

ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە مقتەدا سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدرە، هەمیشە هەوڵدەدات خۆی بكات بە بەشێك لە شەقام و خۆی پێوە دانەبڕێنێت، پشتیوانی مستەفا كازمی دەكات و دەڵێت لەگەڵ داواكارییەكانی شەقامین، شیعەیەكی ئیسلامی توند ڕەوە، بە تەواوەتی دژی ئەمریكییەكان و هەمیشە دژایەتی خۆی بۆ ڕاگەیاندون، بەڵام سواری ئەو كەشتییە دەبێت كە ئەمریكییەكان درووستی دەكەن بۆ عێراق خۆی نوێ دەكاتەوە، تەواو گوێڕایەڵی ئێرانە و بزانێت باری ئێران لارە پشتی تێ دەكات، گرەنتی پاراستنی هیچ لایەك ناكات  كێ سەربكەوێت لەگەڵێتی كێ شكست بێنێت بەژدارە لە شكستپێهێنانی. 

3-ململانێی ئەمریكا و ئێران لە عێراق

دوای شكست پێهێنانی داعش ئێران زۆر دەستكەوتی مەزنی بەدی هێنا و توانی زۆر ناوچە و زۆر پۆستی گرنگی عێراق و دەروازەی سنوری و پەرلەمانی عێراق و تەنانەت كاریگەری گەورە و گرنگی لەبەرژەوەندی خۆی لەسەر بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبێت، تا ئەوەی بریاری بە پەرلەمانی عێراق دەركرد بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. 

هەرچی ئەمریكایە دەسەڵات و نفوزێكی پان و بەرینی هەیە لە عێراق، بە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ترس و دڵە ڕاوكێی لە نێو سەركردەكانی حەشدی شەعبی درووست كردوە، هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی سەدان پێگەی حەشدی شەعبی لە عێراق حەشدی شەعبی تووشی شۆك كرد و هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا كەم كردەوە، بە یارمەتی و پشتیوانی ئەمریكییەكان ئیسلامییە شیعەكان و بە تایبەتی حەشدی شەعبی پاشەكشەی زۆریان كرد، لە نێو سوپا و پۆلیس و حكومەتدا زۆر سەركردەی گرنگیان لە دەستدا، شوێنی سەركردەكانیان بە سەركردەی بێلایەن و دوور لە حەشدی شەعبی و ئێرانی پڕكراوەتەوە،  مستەفا كازمی هەر دەرچوونێكی لە دەرەوەی كۆشكی سەرۆك وەزیران هەمیشە گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریكییەكان كردووە و ئەو شوێنەی كازمی لێبووە بوونی فڕۆكەی ئەمریكی تێدا هەست پێكراوە بە ئاسمانەوە، كازمی و ئەمریكییەكان شەقامیان لە خۆیان دانە بڕیوە.  

4-لێكەوتەكانی ململانێی نێوان شیعەكان (ململانێی ئەمریكا و ئێران)

شیعەكان دەستەبەری مانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان بۆ خۆیان كردووە و دڵنیان پۆستەكە لە دەست نادەن، شەڕی بە وەكالەتی ئەمریكا و ئێران دەكەن و بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەپارێزن، هەر كاتێك ئەمریكا سەركەوت هەموویان دەبن بە ئەمریكی، ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی هێزی تەكنەلۆژیای ئەمریكی درووستی كردووە لە لای شیعەكان تەواو ئێرانی لاواز كردووە، شیعەكان ژیان و بەرژەوەندی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران و دەزانن بەرهەڵست بن چارەنوسیان هاوشێوەی قاسم سولەیمانی ئەبو موهەندیسی لیدێت،

رۆژ لە دوای ڕۆژ دەوروپشتی مستەفا كازمی قەرەباڵەغتر دەبێت و ئەمریكییەكان بەڵێنی زیاتری پێدەدەن، سەردانی كازمی بۆ ئێران تەنها ئاگادار كردنەوە بووە و هەندێك بیانووی بۆ هێنایەوە بە ناوی پاراستنی سەروەری عێراق و بێلایەنییەكەی، زۆرێك لە خاڵی دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵكرایەوە، زۆرێك لە سەركردە شیعییەكان نەك كردەوە، بەڵكو هەڕەشەكانیشیان كۆتایی پێهاتووە. سەردانی كازمی بۆ سعودیە و ئەمریكا زۆر دەستكەوتی هێنایەوە بۆ عێراقییەكان و جۆرێك لە گرەنتی سەركەوتنی ململانێی وەرگرتووە.

بۆیە سەركەوتنی ململانێی نێوان شیعەكان بەلای ئەمریكادا ئەگەرێكی كراوەترە، تەنانەت سەركەوتنی بایدن بەرامبەر بە ترەمپ ئەم سیاسەتەی ئەمریكا لە عێراق گۆڕانی ستراتیجی گەورەی بەسەردا نایەت ( ترەمپ بەڵێنی زۆی دا بوو بە مستەفا كازمی  لەوەی پشتیوانی بكات، بەڵام بایدن بەڵێنەكانی زیاترن و مستەفا كازمی بایدنی لە مەترسییەكانی ئێران و ئەو هەڕەشانەی كە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای درووست كردووە لە عێراق ئاگادار كردۆتەوە) ئەو دەرفەتەی ئێستا ئەمریكییەكان هەیانە بۆ لاواز كردنی شیعە ئێرانییەكان لە دەستی نادەن، بە تایبەتی ئێستا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان پشتیوانی كازمییە، تەنانەت دەنگۆی درووست كردنی پەیوەندی نوێ و ڕێككەوتنی نوێ لەگەڵ ئسرائیل لە ئارادایە و هێندەی تر ئێرانی پێ لاواز دەكرێت. 

5-كوردستان و ململانێی هێزە شیعییەكان:- 

ململانێی ئێستای نێوان هێزە شیعەكان هەندێك جار مۆركی ململانێی ئیسلامی و علمانی وەردەگرێت، بەوەی كازمی ئیسلامی نیە و ئەمریكیەكان پاڵپشتین و  و حشد و لایەنگرانی ئێران لەبەرامبەردا ئیسلامین، هەندێك جار بە خوێندنەوەی ئابووری بۆ بابەتەكە دەبێتە ململانێیەكی ئابووری لە نێوانیان و هەردوو لا هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەدەن، كاتێك وڵاتانی كەنداو یارمەتی كازمی دەدەن جۆرێك لە ململانێی فارس عەرەب وەردەگرێت، بەوە ڕەهەندێكی مێژوویی هەیە. 

بەڵام بۆ كورد و كوردستان ئەم ململانێیە جیاوازە، ئەوەتا جگە لەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقە بە سوتاندنی ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگاكەی كوردستان و كوردستانیانیان پەلكێشی ململانێكە دەكەن، ململانێكە  جۆرێك لە ململانێی نێوان هەولێر و بەغداد و كورد و عەرەب، ململانێی نەتەوەیی لە خۆ دەگرێت، یان ململانێی بەرژەوەندییەكانی كوردستان و عێراق، یان ململانێَی سەربەخۆیی كوردستان بەرامبەر عێراق، ململانێی بەرژەوەندی ئابووری كوردستان و عێراق. ڕەهەندە نێو دەڵەتی و هەرێمایەتییەكەی تێكەڵ دەبێت هاوشێوەی ناوچەكە، كوردستان دەبێتە بەشێك لە ململانێی نێوان هێزە هەرێمییە بەهێزەكان و هێزە جیهانییەكانی وەكو ڕووسیا و ئەمریكا.  

لە ململانێی نێوان هێزە شیعییەكاندا مووچەی مووچە خۆری كوردستانیانیش تێوەگلاوە، هێزە شیعییەكان بۆ فشاری زیاتر بەڕووی هەرێمدا و ملكەچكردنی هەرێمی كودستان بە داواكانیان و گوێڕایەڵی كردنی ئێران هەمیشە فشاریان خستۆتە سەر مستەفا كازمی، كازمیش لەبەرامبەردا هەموو ڕێكارێكی گرتۆتە بەر، ئەمە بە ڕوویەكی تردا بە واتای كۆتایی هاتنی بنەمای هاوبەشی دێت لە عێراق و چیت كورد وەكو هاوبەشێك تەماشا ناكرێت، واتا بنەمای هاوبەشی بە واتا سیاسییەكەی كۆتایی هاتووە چیدی كورد بە هاوبەشی بەژداری پڕۆسەی سیاسی ناكات، واتا گۆڕەپانی سیاسی عێراق پڕبووە لە ململانێ و هەرهێزێك توانای بەردەوامی نەبێت تووشی شكست دێت،  ئێرانییەكانی زۆر مەرامی خۆیان بەدی هێناوە لەبەرامبەر ئەو قەیرانەی هەرێمی كوردستانی تێی كەوتووە،  لە بەدیلی باشور و ناوەڕاستی عێراق هەرێمی كوردستان بۆ زۆر مەبەست بە كاردێنن.

ئێران لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، هەرێمی كوردستانی پەلكێشی ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكانی كردووە( لە كۆتاییدا ئەمە بە زیان بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەشكێتەوە) ئەو كاڵا و شتومەك و كەرەستانەی كە كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و ئەمریكا لە ئێرانیان قەدەغە كردووە لە ڕێگەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت، بە تایبەتی كاتێك دەروازە سنوورییەكانی ناوەراست و باشوری عێراق بەڕووی ئێراندا داخراون.

بۆ ئەوەی مستەفا كازمی سەربكەوێت ئەمریكییەكان قوربانییان بە بەشێكی زۆری لە مافە ڕەواكانی كوردستان داوە و چاوپۆشییان لە پشت گوێخستنی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی كردووە ، پشتیوانی سەرجەم سیاسەتەكانی كازمین بە ڕووی هەرێمی كوردستان، سیاسەتەكانی كازمی خنكاندنی هەرێمی كوردستانی لێدەكەوێتەوە و سەرجەم دەرچە و دەروازەكانی لێ دادەخات. تا ئێستاش ئەمریكییەكان و كازمیش هەرێمی كوردستان بە جێبەجێكردنی پلانی دەرەكی دادەنێن. هەركاتێك سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕووی لە ئەمریكا كردبێت و پشتی پێبەستبێت، ئەوا ئەمریكییەكان بەغداد وەكو چەق هەڵدەبژێرن بۆ ململانێ و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان، لە حاڵەتی دووركەوتنە لە بغداد هەولێر چەقی دووەمیانە و بە سەنگەرێكی گرنگی تەماشا دەكەن.

هەر بۆ ئەو مەبەستانە كازمی بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی گەڕێكی فراوانی سەردانی كردنی وڵاتە زلهێزەكانی جیهانی بە بژاردەیەك داناوە و دەیەوێت پشتیوای تەواو بۆ حكومەتەكەی و سیاسەتەكانی دەستەبەر بكات. 

6-لێكەوتەی ململانێی نێوان شیعەكان لەسەر كوردستان

ڕاستە كوردستان توشی قەیرانێكی زۆری ناوخۆ بووتەوە، بەڵام لە ئێستادا ململانێی نێوان شیعەكان بەتەواوەتی كاریگەری لەسەر كوردستان كردووە و میلیشیا شیعەكان بەتەواوەتی ناوچە جێناكۆكەكانیان (داگیركراوەكانیان) كۆنترۆڵ كردووە،ئێستا هیچ یاسایەك هیچ حكومەتێك لەو ناوچانە بوونی نیە، رۆژانە هات و هاواری گوندنشیانی كورد بەرز دەبێتەوە بەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان زەوت كراوە و هەوڵی دەكردنیان دەدەن، میلیشیاكان بنەمای پاشاگەردانی پەیڕەو دەكەن و هەركەسێك ڕەشوەیان پێ بدات كارەكانی ڕایی دەكەن بە پێی یاسا بێت یان بە بێ یاسا، بۆشاییەكی ئەمنییان درووست كردووە پاشماوەی داعش هەر تاوانێكیان بوێت ئەنجامی دەدەن، چەندین بازگەی نایاساییان داناوە باج و سەرانە لەخەڵك وەردەگرن، كاری قاچاغچێتی و كوشتن و بڕین و فڕاندن بۆ پارە و بە پارە زۆر ئاسانە بەلای میلیشیاكانەوە، كوردستانیانی ناوچەكەیان تەواو هەراسان كردووە. 

فشاری شیعەكان لەسەر كازمی بۆ پشتگوێ خستن و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و تەنانەت هەوڵدان بۆ گۆرینی دەستوری عێراقی و لادان و دەركردنی ئەو ماددەیە لە دەستوردا هەمیشە بژاردەیە لەپێشیان. 

شیعەكان بە ئارەزووی خۆیان یاری بە دەروازەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكەن و كاریگەری گەورەی لەسەر بارودۆخی ئابووری كوردستان كردووە، جگە لەوە مووچەی كوردستانیان تووشی دەیان كێشە بووە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، ئەو مافەی لە دەستووری عێراق بە كورد درابوو لە فرۆشتنی نەوت و سەربەخۆیی ئابووری شیعەكان چەند جارێك هەوڵی گۆڕینی ئەو بڕگەیان داوە، ئێستا فشارەكانی شیعە بۆ سەر كازمی بەردەوامە بۆ ئەوەی زیاتر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان بكات.

7-پێشنیار بۆ دەربازبوون لە دۆخی ناهەمواری كوردستان

پێشنیاری یەكەم:- شیعە ئیسلامییەكان:- ئەوەی پەیوەستە بە شیعە ئیسلامییە ئێرانیكانەوە زۆر ئالۆزە، زۆر گرنگە سەركردایەتی سیاسی كورد دوور بكەوێتەوە لە شیعە ئیسلامییە ئێرانییەكان بە هەموو شێوەیەك، هیچ ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ ئەنجام نەدات، بە تایبەتی ئەو شیعانەی لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن و هەموو ڕێكارێك دەگرنە بەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان، بە تایبەتی لە ئێستادا هەوڵێكی زۆر هەیە بۆ لاواز كردنیان.

ڕابەری باڵای شیعەكان:- عەلی سیستانی ڕابەر و مەرجەعی باڵای شیعەكان، ڕاستە لێكچوونێكی زۆر هەیە لە نێوان شیعەكان، هەركاتێك شیعەبوون لە عێراق بكەوێتە مەترسییەوە سیستانی دێتە وەڵام هەموان لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوە، حشدی شەعبیش زۆر گرنگی بە فتوای سیستانی دەدەن، تەنانەت ئەمریكییەكانیش خۆیانی لێ لادەدەن، زۆر گرنگە سەركردایەتی سیاسی كورد هەمیشە هەنگاوی ڕۆژانەی بە گوێرەی فتوای حەفتانەی سیستانی رێك بخات و هەنگاوەكانیان جۆرێك لە هەماهەنگی لەگەڵ هەمان ئەو سیاسەتانە درووست بكات كە سیستانی دایدەڕێژێتەوە، بە تایبەتی لە بابەتەكانی گەندەڵی و چاكسازی و بەڕێوە بردنی حكومەت و ئەو پشتیوانانەی كە بۆ سەركردایەتی سیاسی شیعە دەری دەبڕێت و هاریكاری دەكرت بە دەركردنی فەتوا.

ئەوەی پەیوەستە بە شیعەكانی نزیك لە ئێرانەوە زۆر گرنگە بتوانرێت ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئەنجامنەدرێت، بە تایبەتی ڕێككەوتنی ڕەسمی و ئەو ڕێكەوتننانەی پەیوەستە بە ئایندەی سیاسی عێراق و بە جۆرێك لە جۆرەكان بە هێزبوونی حەشدی شەعبی لێ دەكەوێتەوەـ چونكە لە كاتی ئێستادا حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان زۆر بچووك دەبنەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

ئەمساڵ 2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت، شیعەكانی پاڵپشتیكراوی ئێران خەریكی خۆ ئامادەكردنن ئەگەر ئەنجامبدرێت و چەندین دانیشتیان ئەنجامداوە لەگەڵ سەركردەی جیاواز و دەیانەوێت دۆخێكی جیاواز درووست بكەن لە بەرژەوەندییان بێت، هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەی سەوز بۆ درووست كردنی پشێوییە بۆ دەركردنی بیانییەكان و درووست كردنی نائارامی بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بكەن و ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ئەنجامنەدانی زیاتر لە بەرژەوەندییانە.
پێشنیاری دووەم:- ئێرانییەكان: ئێرانییەكان بەشێكی گرنگی ململانێكە پێكدەهێنن، هەموو هەوڵێك دەدەن هەرێمی كوردستان تێوەگلێنن لە ململانێكە و ئەو گەمارۆیەی لەسەریانە لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە كەمی بكەنەوە و زۆر قەیرانی ناوخۆیی و دەرەكی خۆیان پێ چارەسەر بكەن،

دەروازەی سنوری چەند سوودی هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەڕووی ئێراندا زۆر كێشەی درووست كردووە، زۆر گرنگە سەركردایەتی سیاسی كورد بتوانێت ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەروازە سنورییەكانی لەگەڵ ئێران بكات و ڕێگە لە چەك و تەقەمەنی قەدەغە كراو و بازرگانی نەوت و گاز و مەوادی نایاسایی و خواردنی ماوە بەسەر چوو بگرێت، ئەمریكا سزای هەموو لایەك دەدات مامەڵە لەگەڵ ئێران بكات و بەردەوام دەنگۆی مامەڵەی نهێنی لەگەڵ ئێران و قاچاغ لە سنورەكانی و كردنەوەی سنوری نافەرمی و نهێنی زیانی زۆری گەیاندووە بە هەرێمی كوردستان.

پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ ئەمریكییەكان و نوێنەرایەتی حكومەتی ناوەندی بتوانێت ئەو سنورانە قایم بكات و تەواوی سەرپەرشتییەكەشی بداتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە پڕۆسەیەكی شەفافدا بیبات بە ڕێوە، نابێت ڕێگە بدرێت حكومەتی ناوەندی سەرپەرشتی خاڵە سنورییەكان بكات و بیبات بەڕێوە و نیوەی داهاتەكەی بەرێت، بەڵكو تەنها بە ئامادەبوونی نوێنەری حكومەتی ناوەندی و شەفاف بوونی ئەو دەروازانە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانەكەی پێویستە، ڕادەستكردنی خاڵە سنورییەكان بە عێراق تەواو هەرێمی كوردستانی پێ دەخنكێت. 

پێشنیاری سێیەم:- حكومەتی ناوەندی: زۆر گرنگە هەرێمی كوردستان رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ئەنجام بدات،  ڕێكەوتنەكان پێویستە ماددەی 140 دەستوری عێراقی بگرێتەوە، سەركرایەتی سیاسی كورد دەتوانێت بە ڕاوێژ و سەرپەرشتی ئەمریكییەكان كار لەسەر ئەم مادەیە بكات و پێشمەرگەی كوردستان بگەرێتەوە بۆ ناوچە داگیركراوەكان، ئێستا حەشدی شەعبی و بەغداد نا كۆكن و ململانێی بەهێزی زیاتر دەكەن، ئەمریكا بەلایەوە گرنگە ئێران و حەشدی شەعبی پاشەكشە لە زۆر  ناوچە بكات و بەشێك لەو ناوچانەش ناوچە داگیركراوەكان دەگرێتەوە، پێشمەرگە ڕێككەوتنی نوێ لەگەڵ ئەمریكییەكان بكات سەبارەت بەو پرسە و بەڵێنی ڕێگری كردن لە حەشدی شەعبی بدات بە ئەمریكییەكان ڕێگە نەدات ئێران و حەشد ئەو ناوچانە بەكار بهێنن بۆ كاری نایاسایی و گواستنەوەی چەكی قەدەغە كراو بۆ سوریا و ڕێگای ناوچەكانی مەندەلی و جەلەولا و كەركوكیان بەسەردا دابخات،

ڕێگای ئێران بۆ كەركوك و بۆ موسڵ و سوریا (واتە ڕێگای سوڵتانی) یەكێكە لە ڕێگە بازرگانییە هەر دێرینەكان و باشترین كەش و هەوای گونجاوی هەیە بۆ بازرگانی هەموو جۆرە چەكەكان، بە تایبەتی ئەو چەك و ماددە ئەندامییانەی پێویستی بە كەش و هەوای گونجاوە. 

پێشنیاری چوارەم:- چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێَََم و ناوخۆی و هەرێم: زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم چاكسازییەكانی بە ئەنجام بگەیەنێت و بتوانێت لەسەر ئەرزی واقع تەواوی بكات، بەمە حكومەت پشتیوانی تەواوی هاوڵاتیان دەستەبەر دەكات، 

نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بدرێت مووچەی مووچە خۆران لە لایەن بەغدادەوە دابەش بكرێت( ئێستا چەندین دەستە و گروپ و ناوەند و چەند پەرلەمانتارێك هەوڵی لەو شێوەی دەدەن بە ناوی گواستنەوەی مووچەی مووچە خۆران بۆ سەر بەغداد، )، ئەمە بوونی قەوارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد چارەسەری كێشەی ئەوانە بكات كە داوای هەرێمێك دەكەن یان داوا دەكەن هەرێمی كوردستان ببێت بە دوو هەرێم، چونكە ئەو جۆرە پڕۆژانە ئێرانییەكانی لە پشتە و شیعە توندە ڕەوەكانی عێراق پاڵپشتی دەكەن، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان زۆرتر لاواز بێت و نەتوانێت كێشەكانی چارەسەر بكات و هەر ڕِۆژە و كێشەیەكی بۆ دەخوڵقێنن، لەمپەر لەبەردەم چاكسازییەكانی حكومەت درووست دەكەن و ڕێگە نادەن حكومەت كە پشتیوانی زۆربەی هێزە سیاسییەكانی هەیە و حزبەكان پاڵپشتین و هانیان داوە بۆ چاكسازی كردن،

كێشە بۆ حكومەتی هەرێم درووست دەكەن و تاوانباری دەكەن بەوەی ناتوانێت داخوازی شەقام و هاوڵاتیان بەدی بهێنێت و داوا دەكەن حكومەت بە تەواوەتی خۆی تەسلیمی حكومەتی ناوەندی بكات، چونكە بە تەسلیم كردنی حكومەت بە خاڵی سنوری و داهات و نەوت و گازەوە دۆخێك درووست دەبێت لەبەرژەوەندی ژمارەیەك كەسی دیاری كراو دەبێت و سەركردایەتی سیاسی كورد سەرشانی قورستر دەبێت و تەواو دەبەسترێتەوە و ناتوانێت هیچ جۆرە چاكسازییەك ئەنجام بدات، ئەم دۆخە ئێرانییەكان و شیعە توندەرەوەكان سوودمەندن لێی.

پێشنیاری پێنجەم:- دووبارە رێككەوتنەوە لەگەڵ ئەمریكا: ئێستا ئەمریكا زۆر بەهێز بووە لە عێراق و سەرجەم سەركردەكانی حەشدی شەعبی ترسیان لێ نشتووە بكرێن بە ئامانجی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكا هاوشێوەی قاسم سولەیمانی، ڕاستە هەندێك جار ناوچەی سەوز بۆردومان دەكەن، بەڵام سەرجەم بۆردومانەكان ئامانج ناپێكێ و تەنها لە شوێنێكی چۆڵی ناوچەی سەوز دەكەونە خوارەوە، ئەمەش گومانی لەسەر بۆردومانەكان درووست كردووە، مستەفا كازمی بە پلانی ئەمریكییەكان زۆر ئامانجی پێكاوە و سەركردەی زۆری لێ خستوون و دەسەڵاتیان زۆر كەم بووەتەوە،

بۆیە هەموو ئەمانە سەلمێنەری بەهێزی ئەمریكایە و جاری لە گۆرەپانەكە خاوەنی هێزی پلە یەكە، بۆیە زۆر گرنگە سەركردایەتی سیاسی كورد بە ڕووی ئەمریكادا بچێتەوە، پێداچوونەوە بە بڕیار و سیاسەتەكانی بكات، هەمان ئەو هێڵە و سیاسەتەی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران و عێراق و حەشدی شەعبی گیراوەتە بەر پێدا بڕواتەوە، پابەند بێت بەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپاندونی، پرس و ڕاوێژ لەسەر خاڵە سنووریەكان لەگەڵ ئەمریكییەكان پێویستە، وەدەرنانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی كوردنشینن پێویستە، چونكە لە كاتی شكستهێنانی حەشدی شەعبی لە عێراق و بە سیستەماتیك كردنی پێویستە پێشمەرگە بەژدار بێت لە پركردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە درووست دەبێت،
واتا پڕكردنەوەی سەرجەم بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە كوردستانییەكان لە دوای حەشدی شەعبی بە سوپای عێراق زیانی زۆر زیاتر لە ئێستا بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت و سوپای عێراق هاوشێوەی سوپای بەعسی جاران دەبێت بەرامبەر بە كورد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP