دواین هەواڵ

کلتور‌

 02/01/2023

لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی 2022

پەسار فایەق

ساڵانە لە دوایین رۆژەکانی ساڵ لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ساڵ ئاشکرا دەکرێت، پێنج پڕداهاتترین فیلمەکانی 2022 دەخەینەڕوو کە زۆرتریان داهاتیان لەو ساڵەدا هەبووە.
'Top Gun: Maverick'

ریزبەندی یەکەم بۆ بەشی دووەمی فیلمی 'Top Gun' بوو کە بەناوی 'Top Gun: Maverick'یە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 488 ملیۆن و 732 هەزار دۆلارە و بودجەی بەرهەمهێنانی 170 ملیۆن دۆلارە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لە 27ـی ئایاری 2022 لە سینەماکانی جیهاندا نمایشکرا و لە 19ـی ئایاری 2022 لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، لە فیستیڤاڵەکە ئامادەبوو و خەڵاتکرا.

'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، بەشی یەکەمی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.

کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریاییە و لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.

تۆم کروز، لە 3ـی تەممووزی 1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.

کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.

ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
'Avatar: The Way of Water'

ریزبەندی دووەمی بۆ بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی 'Avatar' بوو کە بەناوی 'Avatar: The Way of Water'یە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 30 ملیۆن و 118 هەزار دۆلارە لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 350 ملیۆن دۆلارە، بەڵام دەکرێت وەک بەهێزترین فیلمی 2022 بناسێندرێت، چونکە تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەو داهاتە زۆرەی لە سینەماکاندا بەدەستهێنا.

بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 زیاتر لە 13.6 ملیۆن بینەری هەبوو و وەک پڕبینەرترین فیلمی بیانی لە کۆریای باشوور دەستنیشانکرا.

'Avatar: The Way of Water' بۆ هەفتەی دووەم لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردا مایەوە و داهاتی ئەم هەفتەیەی 63 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە، هەرچەند بەهۆی بەفربارین و سەرمای زۆرەوە؛ ئەمریکییەکان زیاتر لە ماڵەوە ماونەتەوە.

ئەم بەرهەمە لە 14ـی کانوونی یەکەمی 2022 لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندرا و لە 16 هەمان مانگ لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بڵاوکرایەوە و داهاتی گەیشتووەتە یەک ملیار و 30 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

دواکەوتنی بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە سینەماییە، چەند ساڵێک بە کاری بەرهەمهێنانییەوە پەیوەیست بوو، بەم دواییەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەری لەسەر دواخستنی بڵاوکردنەوەی هەبوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 350 ملیۆن دۆلارە.

بەشی یەکەمی 'Avatar' لە جۆری فیلمەکانی خەیاڵی زانستییە، بە بڕی 237 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بەرهەمهاتووە، لە یەکەم هەفتەی نمایشکردنیدا لە هۆڵە سینەماییەکانی ئەمریکای باکووردا، زیاتر لە 77 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.

ئەم بەرهەمە، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە سێ خەڵاتی ئۆسکار، لە کۆی ئەو نۆ خەڵاتەی بۆی بەربژێرکرابوو.

یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 2009 بەرهەمهات، جەیمس کامیرۆن، دەرهێنەری و بەرهەمهێنەری ئەمریکی کاری دەرهێنانی بۆ کرد و دوو ملیار و 922 ملیۆن و 917 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێنا.

ئەو داهاتە زۆرە وایکرد، بەرهەمهێنەرانی بیر لە بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی بکەنەوە، دواتریش بڕیاری چوار بەشی دیکەی درا، بەڵام لە دوای تێپەربوونی 13 ساڵ، بڕیاری بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی درا، ئەمەش ناڕەزایەتی هۆگرانی ئەم فیلمەی بەدوای خۆیدا هێنا.

چیرۆکی فیلمەکە لەلایەن جەیمس کامیرۆن نووسراوە و رووداوەکانی ئەم بەرهەمە لە 2154 روودەدەن و بڕیاربوو لە 1997 بکرێتە فیلم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوکات تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتوو نەبووە، بۆیە بەرهەمهێنانی دواخرا.

بەرهەمهێنەرانی پێشتر ئاشکرایان کردووە، سێ بەشی دیکەی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەهەرمبهێندرێن و زۆربەی دیمەنەکانی بەشی سێیەمی وێنەگیراوە.
'Jurassic World: Dominion'

'Jurassic World: Dominion' کە باس لە جیهانی دایناسورەکان دەکات، لە ریزبەندی سێیەمدا هات و داهاتی یەک ملیار و یەک ملیۆن و 136 هەزار دۆلارە و بودجەی بەرهەمهێنانی 165 ملیۆن دۆلارە.

ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەو داهاتەی لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا بەدەستهێناوە و وەک یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی 2022 دەناسرێت.

'Doctor Strange in the Multiverse of Madness'

فیلمی سینەمایی 'Doctor Strange in the Multiverse of Madness' هەرچەند داهاتی نەگەیشتە یەک ملیار دۆلار، بەڵام توابت لە ریزبەندی چوارەمدا بێت و شانازییەک لە 2022 بۆ خۆی تۆمار بکات و داهاتی 955 ملیۆن و 775 هەزار دۆلارە.

بەشی دووەمی 'Doctor Strange' بەرهەمی کۆمپانیای واڵت دیزنییە، یەکەم بەشی لە 2016 بڵاوکرایەوە کە ئەوکات داهاتی یەکەم هەفتەی 85 ملیۆن دۆلار بوو.
ئەم بەرهەمە سینەماییە، لە دوای فیلمی سینەمایی 'Spider-Man: Far From Home' بووە خاوەنی زۆرترین داهات لە یەکەم هەفتە، لە سەردەمی کۆرۆنادا، هەروەها شەشەمین فیلمە لە ئاستی جیهاندا لە یەکەم هەفتەدا ئەو داهاتە زۆرە بەدەست بێنێت.

'Doctor Strange and the Multiverse of Madness' لە دەرهێنانی سام رەیمی، دەرهێنەری ئەمریکییە و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلارە، جگە لە بودجەیەکی تایبەت بۆ بە بازاڕکردن و ناساندنی فیلمەکە.

'Minions: The Rise of Gru'

ریزبەندی پێنجەم بۆ فیلمێکی ئەنیمەشن بوو، ئەویش نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی 'Minions' بوو بەناوی 'Minions: The Rise of Gru' و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 939 ملیۆن و 433 هەزار دۆلارە و بودجەی بەرهەمهێنانی 80 ملیۆن دۆلارە.

'Minions: The Rise of Gru' بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی ئەنیمەیشنی 'Minions' لە 16ـی حوزەیرانی 2022 لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە. چیرۆکی فیلمەکە باسی بوونەوەرە بچووکە زەردەکان دەکاتە کە بە منیۆن ناسراون، ئەوان ئەمجارەش لە سەرکێشییەکانیان بەردەوامن و دووانیان فرۆکەیەک بە سەرنشینەوە دەفڕێنن.

لەم بەشە نوێیەدا، جین کلۆد ڤان دام رۆڵی یەکێک لە کارەکتەرەکانی فیلمەکە دەگێڕێت، ئەویش رۆڵی رۆبۆتێکی زەبەلاحە.

ماوەی فیلمەکە یەک کاژێر و نیوە و کایل بالدە، براد ئابلسن و جانتن دێل ڤال کاری دەرهێنانیان بۆی کردووە.

یەکەم بەشی ئەم بەرهەمە ئەنیمەیشنە لە 11ـی حوزەیرانی 2015 لە لەندەن پێشاندرا، لە دوای مانگێک لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا و دەنگدانەوەی زۆری لە نێو هۆگرانی سینەما و رەخنەگراندا هەبوو.

داهاتی یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا 115 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو، کۆی داهاتی یەک ملیار دۆلار بوو، لە کاتێکدا بودجەی بەرهەمهێنانی 74 ملیۆن دۆلار بوو.

ئەم بەرهەمە لە ریزبەندی دەیەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی جیهاندایە و لە ریزبەندی دووەمی لیستی فیلمە ئەنیمەیشنە پڕداهاتەکانی جیهانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP