دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23/01/2023

د. عوسمان عەلی: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پاشەکشەدایە

محەمەد جەمال – هەولێر

شارەزایەکی بواری سیاسەت دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوەکو ئێستا باشە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت هێواش هێواش لە پاشەکشەدایە.

د. عوسمان عەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی تاسك بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، حکومەتی ئێستای عێراق لە دەستپێکی پێکهێنانی کابینەی تازە دا و بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ کورد واژووی کرد، کۆمەڵێک بەڵێنی بە هەرێمی کوردستان دا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچێک لە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە و پێشناچێت کە جێبەجێیان بکات.

دەشڵێت، پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوولادا تاوەکو ئێستا باشە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت هێواش هێواش لە پاشەکشەدایە، بە تایبەت لە یاسای نەوت و گاز دا ئەوان بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن و ئەو گرفتە چارەسەر ناکەن، ئەگەر بشیکەن، بە گوێرەی دڵی خۆیان دەیکەن و ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان لەناو دەستووری عێراق دا سەبارەت بە سەرچاوە سروشتییەکان هەیەتی، ئەوان چەواشەی دەکەن.

وتیشی، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زیاتر پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، چونکە عێراق شانۆی ئەو ململانێیەیە کە لەنێوان هەردوو وڵات دا هەیە، هەروەها حکومەتی ئێستای عێراق زۆر نزیکە لە ئێران، ئەوانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە ئەمریکا دەزانن.

سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، د. عوسمان دەڵێت، بە داخەوە لەو ڕێکەوتنەی ئەمجارەی کورد و لایەنی پێکهێنەری حکومەتی تازەی عێراق دا هیچی تێدا نیە کە باس لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP