هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی فڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، لە میانی نۆیەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان دژی چاکسازی لە خانەنشینی، 457 کەس لە خۆپیشاندەرانی ناوچە جیاجیاکانی فڕەنسا دەستگیرکراون و 441 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسیش بەهۆی توندوتیژیەکانەوە برینداربون.
جیراڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە لە پاریس لە کاتی خۆپیشاندانی سەندیکاکاندا 903 جار ئاگر لە موڵکی گشتی و کۆنتێنەرەکانی خۆڵ و خاشاک کەوتوەتەوە.
وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە چاکسازی لە سیستەمی خانەنشینی لە فڕەنسا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی پاریسی پایتەخت و ژمارەیەک لە ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەردەوامیان هەیە، ئەمەش لەدوای هەفتەیەک لە پەسەندکردنی سیستمی نوێی خانەنشینی دێت لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی فڕەنساوە.
نۆیەمین ڕۆژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن و لەچەندین ناوچەش، روبەڕوبونەوە و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان رویداوە و لەنێو خۆپیشاندەرانیشدا کە تا ئێستا ئاماری فەرمی لەبەردەستدا نیە، سەدان بریندار هەیە.
رۆژی 16ی ئەم مانگە، نەیارانی چاکسازیی خانەنشینی بڕیاریاندا خۆپیشاندان بکەن بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆیان لە کاتێکدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فڕەنسا دەکرێت، خۆپیشاندەران یارییە ئاگرینەکانیان ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان، لەبەرامبەریشدا هێزە ئەمنیەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.
پێشتر ئەلیزابێس بۆرن سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا ڕەتکردنەوەی دو پێشنیاری لێسەندنەوەی متمانەی لە بڕیارەکەی بۆ دەربازبون لە پەرلەمان پشتڕاستکردەوە، ئەمەش بە واتای پەسەندکردنی چاکسازییەکی مشتومڕاوی خانەنشینییە.
بەپێی ئاژانسەکان، خۆپیشاندانەکە زیاتر لە 300 شار و بەبەشداری نزیکەی سێ ملیۆن و500 هەزار کەس بەردەوامی هەیە و سوریشن لەسەرئەوەی، تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن لەناڕەزایەتیەکان.