هەرێم نیوز
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە غازی سروشتییە. دەشڵێت، سەرۆک وەزیران لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ کۆ دەبێتەوە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی لە بواری نەوت و غازدا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە، "هیوادارین بەغدا لەم ڕاستییە تێ بگات، ئەو گرێبەستانەی کراون لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقن.
وتیشی، چاوەڕوانین لە زووترین کاتدا غازی سروشتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت، جیا لەمەی سەرماگوزاریی بیانی لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی گرنگە و یەکێکە لە بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە لە حکوومەتی عێراقیش."
سەفین دزەیی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "ئەو دوو کۆمپانیایە ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەرکی داهاتوویان پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بە پلەی یەک و دواتر نەوتە، چونکە هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بە غازی سروشتییە، بە تایبەت بۆ بەرهەمەمهێنانی کارەبا و چەند بوارێکی دیکەی خزمەتگوزاری."
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووەوە، 18-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە واشنتنە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و کۆنگرێسمانی ئەمەریکایی کۆ بووەتەوە.