هەرێم نیوز
لەبارەی كاردانەوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەبارەت بەو دوو گرێبەستەی لەم رۆژانەدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژۆیان كرد، بۆ پێشخستنی چەند كێڵگەیەكی نەوت و غاز، بەرپرسێکی پێشوی نەوت دەڵێت: پێدەچێت بەغداد تەنها بەیاننامەی رەتکردنەوە دەربکات و نەتوانێت گرێبەستەکانی هەرێم رابگرێت.
ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ رۆژنامەی (الشرق الاوسط) كردووە، وتویەتی: ناکۆکییەکان لەگەڵ هەرێم بەردەوام دەبن لە نەبوونی یاسایەکی روون و ئاشکرای تایبەت بە نەوت..
راشیگەیاندووە: ئەو گرێبەستە نوێیانەی هەرێم ئەنجامی داوە پێدەچێت مەبەست لێی پڕکردنەوەی کورتهێنانی ناوخۆ بێت، بەتایبەتی لە پەیوەست بە غاز، كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی، مەبەست لێی هەناردەکردنی دەرەوەی وڵات نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بابەتە پێویستی بە رێککەوتنی روون و شەفاف هەیە لەنێوان بەغداد و هەولێر.
ناكۆكییە نوێكان لەكاتێكدایە، بەهۆی وەستانی نزیکەی دوو ساڵەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و کێڵگە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، زیانەکانی عێراق بە نزیکەی (١٥)ملیار دۆلار دەخەمڵنێرێت، سەرەڕای چەندین لێدوانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی نزیکبوونەوەی هەناردەکردن، بەڵام تائێستا هەناردەكردنی نەوت راگیراوە.
ئەو بەرپرسە، بەدووریشی دەزانێت بەغداد و هەولێر بگەنە رێككەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی تەمەنی ئەم حکومەتەی ئێستادا، کە بەرەو كۆتایی دەچێت و رەنگە ئەو پرسە بگوازرێتەوە بۆ حکومەتی داهاتوو.
دادگاکانی عێراق پێشتر دانیان بە شەرعیەت و یاسایبونی ئەو گرێبەستانەدا ناوە و هیچ کەموکوڕییەکی یاساییان لەسەر نییە، تاکە گۆڕانکارییەک کە روویداوە، سنوردارە بەو کۆمپانیایە کە ئەو گرێبەستانە بەڕێوەدەبات و، گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە بەپێی ئەو رێکارە یاسایی و گرێبەستيانەی کە لە رێککەوتنە واژۆکراوەکانی پێشودا دیاریکراون.
ئەو دوو کۆمپانیای ئەمریکییەی کە رێککەوتنەکەیان لەگەڵدا واژۆ کراوە، چەند ساڵێکە سەرقاڵی پەرەپێدانی وەبەرهێنانن لە کەرتی نەوت و غازو لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتن لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەری نوێ نین.
هاوکات لای خۆیەوە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی لە بواری نەوت و غازدا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە، "هیوادارین بەغدا لەم ڕاستییە تێ بگات، ئەو گرێبەستانەی کراون لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقن.
وتیشی، چاوەڕوانین لە زووترین کاتدا غازی سروشتی زیاتر بەرهەم بهێنرێت، جیا لەمەی سەرماگوزاریی بیانی لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی گرنگە و یەکێکە لە بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە لە حکوومەتی عێراقیش."