هەرێم نیوز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، بەنیازی ئەوە نییە جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی تورکیا کاندید بکاتەوە. وتیشی "چیتر بەنیاز نیم لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا خۆم کاندید بکەم، ئێمە تەنها چاومان لە باشترکردنی ناوبانگی وڵاتەکەمانە".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کردووە کە تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە و دەڵێت: تورکیا ناتوانێت بە یاسایەک بەرەو پێشەوە بچێت کە میراتی کودەتایەک بێت. پێویستمان بە یاسایەک هەیە کە خەڵکی سڤیل بینووسرێت نەک کودەتاچیەکان.
ئەردۆغان لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە وتی: بە نەمانی چەک، دەم پارتی باشتر دەتوانێت تێکۆشانی سیاسی بکات.
وتیشی، دەم پارتی زیاتر لە ٥٠ نوێنەری لە پەرلەمان هەیە، دەتوانێت سیاسەتێکی جیاوازتر بکات.
ئەردۆغان داوای کرد لەم هەنگاوەدا جەهەپەش هاوکاربێت و وتی: "وەرن هەموو پێکەوە دەست بخەینە دەستی یەک. با کۆمیسیۆنەکان دابمەزرێنین و لەڕێگەی ئەو کۆمیسیۆنانەوە دەستوورێکی مەدەنی بنیات بنێین و پێشکەشی گەلەکەمانی بکەین."