هەرێم نیوز
بڕیارە لە دیمەشق تاوەری ترەمپ دروست بکرێت، کە پێدەچێت 45 نهۆم بێت و تێچووەکەشی بگاتە 200 ملیۆن دۆلار، ئەمەش وەک سیمبولێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و ئەمریکا دەردەکەوێت.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، کۆمپانیای تایگەر بۆ فرۆشتنی خانووبەرە پشتڕاستی کردەوە، کە بەنیازە پڕۆژەیەک بە ناوی "ترەمپ تاوەر دیمەشق" دەستپێبکات. ئەم هەواڵە ماوەیەک دوای ئەوە هات، کە سەرۆکی ئەمریکا لە ڕیاز ڕایگەیان، سزاکانی سەر سوریا هەڵدەگرێت.
پاش بڕیارەکەی ترەمپ و هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپاش ئەو سزایانەیان هەڵگرت کە بەسەر سوریادا سەپێندرابوون.
وەلید ئەلزەعبی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تایگەر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ڕەنگە پرۆژەی تاوەرەکە بە 45 نهۆم دروست بکرێت و تێچووی جێبەجێکردنی تا 200 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. ناوبراو ئەو پڕۆژەیەی بە هێمای ئاشتی و پەیامی ئومێد بۆ داهاتووی سووریا وەسف کرد.
ئەلزەعبی هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بیر لە چەندین شوێنی جیاجیا لە پایتەختی سوریا دەکرێتەوە بۆ شوێنی دروستکردنی تاوەرەکە و بەپێی دیزاینی کۆتایی ڕەنگە ژمارەی نهۆمەکانیشی بگۆڕدرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەزامەندی کۆتایی لەلایەن براندی ترەمپەوە پێویستە بۆ بەکارهێنانی ناوی "ترەمپ"، هەروەها پرۆسەی بیناسازی، ئەگەر مۆڵەت و مافی ئیمتیاز وەربگیرێت، ڕەنگە سێ ساڵ بخایەنێت.