هەرێم نیوز
ترەمپ لە ڕێگەی عێراقەوە پەیامی بۆ خامنەیی ناردووە و داوای لێکردووە هێزەکانی ئێران لە عێراق بکشێنێتەوە.
پێگەی هەواڵی "ئەرم نیوز" لە ئیمارات بە پشتبەستن بە "سەرچاوە باڵاکانی عێراق" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەم دواییانەدا پەیامێکی سەرۆکی ئەمریکای گەیاندووەتە خامنەیی، کە تێیدا ئەمریکا داوای کردووە: "هێزەکانی ئێران لە ماوەی دوو هەفتەدا لە پێگەکانیان لە عێراق بکشێنەوە".
سەرجاوەکان لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ئەرەم نیوزیان ڕوون کردەوە، کە پەیامێکی ئەمریکا بۆ تاران بریتی بووە لە داوای کردنەوەی 31 شوێنی سەربازی و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوەندی توێژینەوە لە ئێران، بۆ ئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەلایەن ئەمریکاوە پشکنینیان بۆ بکرێت.
بەپێی سەرچاوەکان، ناوەڕۆکی یەکلاکەرەوەی ئەم پەیامە ئەمریکییە بووەتە هۆی ئەوەی کە تۆنی بەرپرسانی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا توندتر بێت. بە تایبەت لە بارەی دژایەتی توندیان بۆ پرسی یۆرانیۆم. کە ئێران بەتوندی ڕەتیدەکاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم بەتەواوەتی ڕاگرێت.