دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات

هەرێم نیوز

کەناڵی ئێن بی سی نیوز بە پشت بەستن بە پێنج سەرچاوە بڵاویکردووەتەوە کە ئیسرائیل تاوتوێی هەنگاوی تاکلایەنەی سەربازی دژی ئێران دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەبێ پشتیوانی ئەمریکا.

ئیدارەی ترەمپ بەهۆی ئەگەری شەڕەوە، فەرمانی بە هەموو باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا کردووە کە لە مەودای مووشەک و فڕۆکە و چەکی دیکەی ئێراندایە، بە خێرایی هەڵسەنگاندن و پێشنیاری ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی ئەمریکی و ژێرخانی ئەمریکا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی سەربازی و حکومی کۆبوونەوەیەکیان بۆ تاوتوێ کردنی ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل ئەنجام داوە.

ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێدەچێت ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی نزیک بۆ سەر ئێران ئامادە بکات.

بەڵام تۆڕی ئەلعالەم لە زاری بە "بەرپرسێکی ئێرانی"، بوونی هەر جۆرە گرژییەکی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێرانی ڕەتکردەوە. 

ئەلعالەم لە زاری ئەو بەرپرسەی ئێرانەوە دەڵێت: واشنتۆن لەژێر کاریگەریی لۆبی ئیسرائیلدا هەوڵدەدات دۆخی ئامادەیی لە بنکە سەربازییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیدا نیشان بدات.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە وتی: هەر چالاکیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هەبێت، ئێمە وەڵامێکی توندی دەدەینەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP