هەرێم نیوز
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی" دژی دامەزراوە سەربازییەکانی پەیوەست بە ئەتۆمی ئێران ئەنجامداوە. ئۆپراسیۆنەکە ناوی کۆدی “نەتەوەی شێر”ی لێنراوە، دەیان ئامانجی لە سەرانسەری ئێراندا پێکاوە.
بەپێی بەیاننامەکە، هۆکاری هێرشەکە بوونی یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویست بووە بۆ دروستکردنی چەندین بۆمبی ئەتۆمی، کە سوپای ئیسرائیل بە وتەی خۆی مەترسییەکی "نزیک" لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە دروستکردووە.
لە هەمان کاتدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل لێدرا و وەزیری بەرگری باری نائاسایی ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە بۆ پێشبینیی وەڵامدانەوەی ئێران دێت کە پێدەچێت هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکاتە سەر ئیسرائیل.
هاوکات ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لە گەڕەکێکی تارانی پایتەختی ئێران ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە کە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران تێیدا نیشتەجێن.