دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: ئێران بەنیازی بەرهەمهێنانی 10 هەزار مووشەکی بالیستی بوو

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئێمە لە دڵی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆمی ئێران و بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێرانمان داوە. ئێمە دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی ئێرانمان لە نەتەنز کردە ئامانج.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ هێرشەکانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆ سەر چەندان شوێنی ئێران ڕایگەیاند، ئێران بەنیازی بەرهەمهێنانی 10 هەزار مووشەکی بالیستی بوو.

وتیشی: ئەم ئۆپەراسیۆنە زیان بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران و توانای سەربازی و کارگەکانی مووشەکی بالیستیک دەگەیەنێت. 

ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی دژی ئێران بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئێستا لەدژی ئێران هەڵسوکەوت نەکەین، ئیتر بوونمان نامێنێت.

وتیشی: شەڕی ئێمە لەگەڵ گەلی ئێران نییە، بەڵکو لەگەڵ دیکتاتۆری ئێراندایە.

لە لایەکی دیکەوە وتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند: دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشی سەرەتایییان بۆ سەر دەیان ئامانجی سەربازیی سەر بە ئێران لەوانەش ئامانجە ئەتۆمییەکان تەواو کرد.

دەشڵێت ئێمە لە بەرامبەر بەردەوامی دەستدرێژیەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، هێرشێکی پێشوەختە، ورد و هەمەلایەنەمان بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێکرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP