دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئەمریکا بەهۆکاری ئەمنی گەشتکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی بۆ عێراق قەدەغە کرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەهۆکاری ئەمنی قەدەغەی گەشتی بۆ فەرمانبەرانی وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی بەغداوە راگەیاند و داوا لە هاوڵاتیانی دەکات بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن. 

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری تووند دراوە لەوەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە گەشت بۆ عێراق بکەن، بەهۆی " زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە". 

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "بەهۆی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، نائارامیی مەدەنی و توانای سنوورداری حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بە هاوڵاتیانی، گەشت بۆ عێراق مەکەن."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمریکییەکان لە عێراق رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە، لەوانە "تووندوتیژی و رفاندن، گرووپە تیرۆریستی و یاخیبووەکان و میلیشیا دژە ئەمریکییەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان، هاوڵاتیانی مەدەنی، هاوڵاتیانی ئەمریکی و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. هێرشەکان بە بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زۆربەی ناوچەکان، بە شارە گەورەکانیشەوە روودەدەن."

هەروەها داوا لەو هاوڵاتیانەی دەکات کە لە عێراقن یان بڕیاری گەشتکردن دەدەن، "پلانی ئەمنی تایبەت بە خۆیان دابنێن، خۆیان لە پرۆگرامی (STEP) تۆمار بکەن بۆ ئاسانکاریی پەیوەندیکردن لەکاتی فریاکەوتندا."

ئەمەش لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بووە و ئیدارەی ترەمپ بەهۆی ئەگەری شەڕەوە، فەرمانی بە هەموو باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا کردووە کە لە مەودای مووشەک و فڕۆکە و چەکی دیکەی ئێراندایە، بە خێرایی هەڵسەنگاندن و پێشنیاری ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی ئەمریکی و ژێرخانی ئەمریکا بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کاتێک پرسیاری لەبارەی کشانەوەی کارمەندانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکرا، وتی:" ئەوان ئەوێ جێدەهێڵن، چونکە ئەوێ مەترسیدارە، دەبینین چی ڕوودەدات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP