هەرێم نیوز
ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بێ بیانوو و پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
مۆسکۆ ئیسرائیلی بە تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران تۆمەتبار کرد.
ئیسڕائیل ڕۆژی هەینی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی تاران، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەی مووشەکی بالیستیک و فەرماندە سەربازییەکانی کردۆتە ئامانج.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کە لەلایەن ڕووسیا دروستکراوە، لێی نەدراوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بە میدیاکانی دەوڵەتی ڕاگەیاند: ڕووسیا نیگەرانە و ئیدانەی پەرەسەندنی توندی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا لە دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕوسیا و وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگرییەوە ڕاپۆرتی نوێ لەسەر دۆخەکە وەردەگرێت.