دواین هەواڵ

جیهان‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

پوتین بۆ ئێران: بە پێشنیازەکەی ترەمپ رازی بن و دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵگرن

هەرێم نیوز

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، پوتین داوای لە ئێران کرد کە "رێککەوتنی ئەتۆمی بەبێ پیتاندن" لەگەڵ ئەمریکا قبوڵ بکات.

ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بەرپرسانی ئێران و ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە کە لەگەڵ پلانی "پیتاندنی سفر" بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی حکومەتی ئێران هاوڕایە. لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە کە تاران پلانێکی لەو شێوەیە قبوڵ ناکات.

ڕۆژی شەممە 12ی 7ی 2025، ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە سێ بەرپرسی ئەوروپی و بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کە مۆسکۆ هانی بەرپرسانی حکومەتی ئێرانی داوە کە ڕازی بن بە پلانی "پیتاندنی سفر".

دوو سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە مۆسکۆ ئیسرائیلیشی لە هەڵوێستی پوتین سەبارەت بە قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران ئاگادار کردووەتەوە و تەنانەت ئەو پرسە لە پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی پوتین لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا باسکراوە.

پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لە نێوان تاران و واشنتۆن بەڕێوەچووبوو، بەڵام دانوستانەکان گەیشتە بنبەست و پێداگری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەردەوامی پیتاندن لەسەر خاکی ئێران.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قسە و باسەکان سەبارەت بە چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران، بە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان زیادی کردووە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP