هەرێم نیوز
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، گەلی كورد لە تاقیكردنەوەی زۆر سەخت و دژواردا سەركەوتنی بەدەست هێناوە. دەشڵێت، نە ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری و نە دەستووری عێراق، نەیانتوانی پرسی كورد لە عێراق بە كۆتا ئاكام و ئەنجام بگەیەنن.
فازڵ میرانی لە گوتارێكدا بڵاوی كردۆیەوە، تیشكی خستووەتە سەر چەند پرسێك و دەڵێت: كاروانی ڕوو لە هەورازی تێكۆشانی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتمانییانەی گەلەكەمان، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هەلومەرج، قۆناغ بە قۆناغ ئەرك و پێوەستییەكانی دەگۆڕێن، لایەنی بەرانبەر هەردەم لە دیدگەیەكی نادروستەوە لە دۆزی ڕەوای كوردی ڕوانیوە، ئەمەش پرسەكەی بەرەو ئاڵۆزی بردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە “دەوڵەتی عێراق تا ئێستا گرفتی ناسنامە و بە هاووڵاتی ناساندنی دانیشتووانی هەیە، بە چەشنێك ئەو دەوڵەتە لە گەیشتن بە پێگەی دەوڵەت بە گوێرەی بنەماكانی سەردەم، تووشی گرفتی گەورە هاتووە، بەڵگەش دۆخی ناسەقامگیری ئەو وڵاتەیە، كە لە ئاست بەدیهێنانی گەشە و بووژانە و خۆشگوزەرانیدا، بە ئەندازەی پێویست سەركەوتوو نەبووە، لە ڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتیشەوە نەیتوانی ئاشتەوایی و سەقامگیری بەدی بهێنێت، لەم دۆخە نادروستەدا، كورد كە لە پەراوێزدا قەتیس كرا، باجێكی قورستر لە پێكهاتەگەلی دیكەی ئەتنیكیی ئەو وڵاتە دا”.
باسی لەوەشکرد: “دوای نەمانی ڕژێمی پێشووی دیكتاتۆر، بەتایبەتی لە دوای ئەرێ كردنی دەستووری 2005ی دەوڵەتی عێراق، دۆخی كورد لە كوردستانی باشووردا پێی نایە قۆناغێكی دیكەوە، هیوا و ئومێدی زۆر بە ڕەوشی دوای ئاوابوونی دیكتاتۆریەت هەڵچندرا، ڕیشەی گرفتەكەش لە عەقڵی نەگۆڕی دەستەبژێری دەسەڵاتداری بەغدایە، كە سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕان و وەرچەرخانەی لە دۆخی سیاسیی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدی دێن، ئەوان لە بازنەی (منی ناوەند و تۆی پەراوێز) دەرناچن، بۆیە نە ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری و نە دەستووری عێراق، نەیانتوانی پرسی كورد لە عێراق بە كۆتا ئاكام و ئەنجام بگەیەنن.
“ئەمڕۆ دوای ڕووبارێك خوێن و دنیایەك ئەشك و قوربانی، كە پووچەڵ بوونەوە و ناكارا بوونی ڕێكاری زەبروزەنگ و توندوتیژیی سەلماند، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی بەغدا بۆ دژایەتی كردنی مافی كورد و كوردستانیان، ئەو مافانەی دەستووری وڵات سەلماندوونی، ئەجیندای سیاسی تێكەڵ بە ڕێكاری یاسایی و كارگێڕی دەكەن، ئامانجیش لێدانی گەلی كوردستان و ڕاگرتنی ڕەوڕەوەی گەشە و پێشكەوتنی ئەم گەلەیە”، فازڵ میرانی وای وتووە.
دەشڵێت: لێرەوە ئێمە، هەم گەلەكەمان، هەم هێز و لایەنانی سیاسی، لە پاڵ هەمە جۆر ڕێكخراو و كۆمەڵە و سەندیكا و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، خۆمان لە بەردەم ئەركێكی پیرۆزدا دەبینینەوە، ئەركی كاركردن بە خواست و ناوەرۆكی كوردانە و كوردایەتی، نەك حزبایەتی، لەوەش گرنگتر یەكگرتوویی هێز و لایەنانی سیاسیی كوردستان و یەكگرتوویی گوتاری كوردستانییانە، كە لە سەرووی هەموو گوتارێكی دیكەوە بێت.
باسی لەوەشکردووە، “یەكدەنگی و یەك هەڵوێستیی نێوماڵی كورد، بەهێزترین فاكتەری گەلەكەمانە بەرانبەر بەوانەی هەوڵی ڕێگریكردن لە ڕەوڕەوەی ڕوو لە گەشە و پێشكەوتنی وڵاتەكەمان و بەرەو پێش چوونی پرسی نەتەوەكەمان دەدەن، كە ئیدی لە ڕاپەڕینی 1991 بە دواوە، لە پای ئەو هەموو قوربانی و خۆڕاگرییەی گەلەكەمان، پێی ناوەتە قۆناغێكی پێشكەوتووترەوە. پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و وڵاتمان و درێژەدان بە داكۆكیكردن لە مافی نەتەوەییمان، ئەركی یەكەم و هەرە پیرۆزی تێكڕای لایەنانی سیاسی و ڕێكخراوەیی و تاك بە تاكی كۆمەڵگەكەمانە”.
لە کۆتاییدا فازڵ میرانی هێمای بۆ تێپەڕاندنی ڕۆژگارە سەختەکان کردووە و دەڵێت: “لەوە دڵنیاین، گەلەكەمان لە تاقیكردنەوەی زۆر سەخت و دژواردا، سەركەوتنی بەدەست هێناوە، لە درێژەدان بە كاروانی گەیشتن بە دوایین مەنزڵی سەرفرازیمان كۆڵی نەداوە و كۆڵیش نادات”.