هەرێم نیوز
بڕیارە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا دەربارەی کێشەی مووچە و نەوت کۆدەبنەوە.
میدیای پارتی بڵاویکردەوە، کە سبەینێ پارتی و یەکێتی “لەسەر ئاستی باڵا” لە هەولێر کۆدەبنەوە و تەوەری سەرەکیش پرسی مووچە و نەوت دەبێت.
بە پێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمیش، لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی، و بافڵ تاڵەبانی ئامادە دەبن.
ئەمڕۆش بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئەوەشخرایەڕوو کە “کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستیی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و بارودۆخیی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەم بابەتەش کاری لە پێشینە و ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا ، لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی”.