هەرێم نیوز
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان رێنماییەکانی وەرزی عومڕەی ئەمساڵ ٢٠٢٥ -٢٠٢٦ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی گرێبەست کۆمپانیاکان دەتوانن لە رۆژی ١٦\٧\٢٠٢٥ دەست بە گەشتی عومڕە بکەنەوە بە رێگای وشکانی هەروەها لە رۆژی هەینی ١٨\٧\٢٠٢٥ دەتوانن بە رێگای ئاسمانی گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە.
دوای ئامادەکردنی پرۆژەیەک و پەسەندکردنی لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی پرۆسەی عومڕە لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی عومڕەکاران بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە ڕێنمایی و مەرجەکانی ئەو کۆمپانیانەی رێکخستەوە تاوەکوو لە زووترین کاتدا گەشتەکانی عومڕە دەستپێبکەنەوە
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە لە راگەیندراوێکدا داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە ئەوانەی بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە لە رۆژی سێشەممەوە بەرواری ١٥\٧\٢٠٢٥ سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست و دوای ئەنجامدانی گرێبەست کۆمپانیاکان دەتوانن لە رۆژی ١٦\٧\٢٠٢٥ دەست بە گەشتی عومڕە بکەنەوە بە رێگای وشکانی هەروەها لە رۆژی هەینی ١٨\٧\٢٠٢٥ دەتوانن بە رێگای ئاسمانی گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆشی عومڕە دەکاتەوە کە ئەوانیش دەتوانن لە رۆژی سێ شەممەوە بەرواری ١٥\٧\٢٠٢٥ سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی تەندەر و ئەنجامدانی گرێبەست و دەتوانن دوای تەواوکردنی مامەڵەکانیان لە رۆژی ١٦\٧\٢٠٢٥ دەست بە گەشتەکانی عومڕە بکەنەوە بە رێگای وشکانی هەروەها لە رۆژی ١٨\٧\٢٠٢٥ دەتوانن بە رێگای ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە دەست بە گەشتەکان بە رێگای ئاسمانی بکەنەوە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە داوا لە کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە و کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆش دەکاتەوە کە تەواوی پێداویستییەکانی گرێبەست لەگەڵ خۆیان بهێنن چونکە هیچ گرێبەستێک ئەنجام نادرێت ئەگەر پێداویستییەکان تەواو نەبن.
لە کۆتایدا بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئەوانەی خوازیارن گەشتی عومڕە ئەنجام بدەن لەکاتی چوونیان بۆ کۆمپانیاکانی گەشتی عومڕە داوای مۆڵەتی فەرمییان لێ بکەن و ئەگەر مۆڵەتیان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە وەرنەگرتبوو بە هیچ شێوەیەک گەشتی لەگەڵدا نەکەن هەر بۆ ئەم مەبەستەیش بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە مۆڵەتی کارکردن بە شێوەی تابلۆی هەڵواسراو دەداتە هەموو ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەست دەکەن.