هەرێم نیوز
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، "لەسەر ئاستی عێراق دوو شوێن لە هەریمی کوردستان دیاریکراون کێبڕکێ دەکەن بۆ نازناوی باشترین گوندی گەشتیاری لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، دەشڵێت، دوو گوندەکە دەکەونە سنوری رەواندز و بیارە.
سیروان تەوفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بە میدیا فەرمی پارتی راگەیاندووە، "پێشبرکێ دەکرێت بۆ ھەڵبژاردنی نازناوی باشترین گوندی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی کە لە هەموو عێراق دوو شوێن لە ھەرێمی کوردستان دیاریکراون ئەوانیش (ڕەواندز و بیارە)ن بەھۆی ئەوەی شوێنی گەشتیارین و ھەموو خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرن، بۆیە فایلی ھەردوو شوێن ئامادەکراوە، ئەمە لەسەر ئاستی وڵاتانە و عێراق شوێنی لەو شێوەیەی نییە و داوای لە ھەرێمی کوردستان کردوە شوێن دیاری بکات، ئێمەش لەسەر ئاستی عێراق ئەو دوو شوێنەمان دیاری کردوون، لەڕێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەشی حکوومەتی عێراق کراون بۆ ئەوەی بەشداری لەو پێشبرکێیە بکەن، وەکو چۆن لەساڵی ٢٠١٤ ھەولێر بووە پایتەختی گەشتیاری، ئەمجارەش چاوەڕێ دەکەین ڕەواندز و بیارە بکرێنە گوندی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی."
سیروان تەوفیق وتیشی،"ئەوش بەڵگەیە کە ئەمن و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارە بۆ گەشتیاری و لە عێراق ئەوە نییە، هاوکات چەند سوودێکیشی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان کێبرکێ لەگەڵ وڵاتان دەکات، کۆمپانیای گەشیاری و وەبەرھێنەری گەشتیاری دێنە ھەرێمی کوردستان و گەشتیاری زیاتریش ڕووی تێدەکەن، چونکە ئەو ھەڵبژاردنە ھەر جارە و لەسەر ئاستێک دەکرێت، ئەمجارە بۆ گوندی گەشتیارییە و ھەرێمی کوردستانیش بەشدارە، پێشبینی دەکەین بەھۆی ئەو فایلانەی ئامادەکراون ئەنجامی باش بەدەست بێنین کە لەسەر ئاستی ھەموو وڵاتانە و بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا هەڵبژاردنەکەی بەڕێوە بچێت."