هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، گومانیان لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نییە. دەشڵێت، لە ئەگەری سەرخستنی پرۆسەکە، سەردەمێکی نوێ لە وڵاتەکەی دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممە، 15ـی 7ی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە لە وتارێکدا وتی، لە ئەگەری کۆتاییهاتنی شەڕی چەند دەیەی سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەقامگیری لە وڵاتەکەی و ناوچەکەش بەرقەرار دەبێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پرۆسەی چارەسەری سەربگرێت، سەردەمێکی نوێ لە بوارەکانی ''بەرگری، ئابووری، ئاسایش، سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە''ی وڵاتەکەی دێتەکایەوە.
جەختی لەوە کردەوە، بە پاڵپشتیی گەلانی وڵاتەکەی دەتوانن ''بەبێ هیچ گومانێک'' پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیەنن. وتیشی: ''باوەڕمان بە برایەتیی هەزار ساڵەمان هەیە''.
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.