هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چواشەمە، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی موشەکی بۆسەر دامەزراوە فەرمییەکانی سووریا لە دیمەشق و چەند شوێنێکی دیکە ئەنجامدا و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکان تێکدانی ئاسایشی سووریایە، کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش دەڵێت، تورکیا پێش هێرشەکان ئەحمەد شەرعی ئاگادار کردۆتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەمە 16ی 7ی 2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق کە دوای هێرشی هاوشێوە بۆ سەر باشووری سوریا دێت، هەوڵێکە بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە گەلی سوریا دەرفەتێکی مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە و هەماهەنگی لەگەڵ جیهاندا بژین و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە پشتیوانی ئەم دەرفەتە دەکەن پێویستە هاوکاری هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بکەن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی.
شایانی باسە نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دەرگای چوونە ژوورەوەی بینای ئەرکانی گشتی سوپای سوریا لە دیمەشق. دوای نیوەڕۆ فڕۆکە جەنگییەکان دوو جاری دیکە بیناکەیان کردە ئامانج.
ئەمەش لەکاتێکدایە، میدیای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، پێش هێرشەکانی ئیسرائیل تورکیا داوای لە ئەحمەد شەرع کردبوو دەستبەجێ کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشق چۆڵ بکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، تورکیا ئاگاداری هەموو ئەو ڕووداوانە بوو کە لە سوریا ڕوودەدەن و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەموو فڕۆکەکانی وڵاتەکەی ڕاگرت کە بەرەو سوریا و عێراق و ئێران دەڕۆیشتن.