هەرێم نیوز
بودجەی ساڵی 2026ی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێشکەوتنێكی روونى لە هاوکاری دارایی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان (هێزی پاراستنی هەرێمی کوردستان) دەرخستووە، لە بەرمبەردا ئەم هاوکارییەى بۆ هێزە عێراقییە فیدراڵییەکان كەمكردووەتەوە، ئەمەش رەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی بایەخی واشنتۆن و حیساباتی سەربازی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی بەغداد گۆڕانی بەسەرهاتبێت.
بەگوێرەی بودجەی نوێی ئەمەریکا، 61 ملیۆن و 140هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 تەرخانکراوە، کە بە بەراورد بە بودجەی ساڵی 2025, (4.7) ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
لەكاتێكدا پاڵپشتی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە (189.1) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها (48.2) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 کەم دەکرێتەوە.
بە وتەی چاودێران، زیادبوونی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە، گوزارشت لە متمانەی واشنتۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان و توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەکات، هەندێک سەرچاوەش باس لە خواستێکی ئەمریکی دەکەن بۆ گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێکی سەرەكی لە ناوەندەكانی دژە تیرۆر لە ناوچەکەدا.
کیفاح مەحمود، راوێژکاری راگەیاندنی بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وایە، گرنگیدانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان و هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکان، رەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی و ترسی واشنتۆن لە بەغداد بەهۆی پەرشوبڵاوی ئەمنی و فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو هێزە ئەمنییەکان و هەژموونی گروپە چەکدارەکان.
کیفاح مەحمود بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە: رەنگە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامێکی زۆر روونیش بێت لە لایەن ئەمریکاوە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و ئێرانییەکان، بەوەی کشانەوەی لە بەغداد ئاسایی نییە، بەڵکو پلانی بۆ دانراوە، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازی نوێ لەگەڵ تاران.