دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر زیاتر لە 7 هەزار و 500 فەرمانبەری شاری هەولێر ڕاگەیەندرا

هەرێم نیوز

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری هەولێر و عەنکاوە دەستی پێ کرد، کە زیاتر لە 7500 فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر و مەریوان حاكم هادی، بەرێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەران و ئەندازیاران و نوێنەری وەزارەتەكان، قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوی لە سەنتەری شاری هەولێر و عەنكاوە ڕاگەیەندرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا بۆ میدیاكان قسەی كرد و سەرەتا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری هەولێر و عەنكاوە دەربڕی و ڕایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمڕۆ قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوی ڕادەگەیەنین كە ساڵی پار بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك پاڵپشتی و پاداشتێك بۆ خۆڕاگریی فەرمانبەرانی حكوومەت بڕیاری دابەشكردنی زەویی دا.

ساسان عەونی، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش كرد لە ساڵی پارەوە لە هەموو قۆناغ و فەرمانگەكان بە دڵسۆزانە كار لەسەر پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كراوە و ئەنجامی زۆر باشی هەبووە، بەتایبەتی لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.

گوتیشی: ئەمڕۆ زیاتر لە 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شاری هەولێر و عەنكاوە دابەش دەكرێت كە ژمارەی پارچە زەوییەكانیش نزیكەی 14 هەزارە، بەڵام بەشێكی بۆ قەرەبووی خاوەنی زەوی و جووتیارەكانە و گوتیشی: سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندارەكان كاری زۆر باشیان لەو پرۆسەیەدا كردووە و پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانیش دەكەین.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەناوی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانیی كرد بۆ بڕیاری دابەشكردنی زەوی و لەمبارەیەوە گوتی: بەناوی فەرمانبەرانی حكوومەتەوە سوپاسی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەم بڕیارەی دابەشكردنی زەوی و بەدڵنیایییەوە فەرمانبەران زۆر بە باشی لێی سوودمەند دەبن.

ئاماژەی بەوەشداوە: بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ئەندازیارەكان دیزاینی زۆر جوانیان بۆ نەخشە كەرتییەكان كردووە و ستانداردی زۆر باش لە دروستكردنی نەخشە كەرتییەكاندا پەیڕەو كراوە و ئەو ڕێنمایییانەی بۆ نەخشەكان دانرابوون، هەموویان جێبەجێ كراون.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە زەوی بۆ فەرمانبەرانی عەنكاوە، گوتی: لەبەر گرنگی و بایەخدان بە فەرمانبەرانی قەزای عەنكاوە و لەبەر ئەوەی سنووری عەنكاوە سنوورێكی دیاریكراوە و زەویی پێویستی نەبوو بۆ فەرمانبەران، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد لە شوێنێكی دیكە، شیاوی ئەوەبێت فەرمانبەرانی پێكهاتەكان و عەنكاوە كە خاوەن تایبەتمەندییەكی تایبەتن، لە شوێنێكی دیار زەوییان پێبدرێت، بۆیە ئەمڕۆ زەوی بەسەر ئەو هەزار و 279 فەرمانبەرەی عەنكاوەش لە شوێنێكی تایبەت لەگەڵ فەرمانبەرانی هەولێر دابەش دەكرێت و بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی پێکهاتەی عەنكاوەش نەخشەیەكی تایبەت بۆ فەرمانبەرانی عەنكاوە لە شوێنێكی تایبەت بە خۆیان بۆ دروست كراوە و تیروپشكیان بۆ دەكرێت.

ساسان عەونی، ئاماژەی بەوەش كرد كار و دەستكەوتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە باشی پێشكەشی هاووڵاتییان دەكرێت و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕۆڵیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەرجەم ناوچەكانی كوردستاندا هەبووە.

لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی زەوییان بۆ دەرچوو



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP