هەرێم نیوز
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کە*جە*کە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی پە*كە*كە لە ناو خاكی توركیا رایگەیاند، ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە تێکۆشانی چەکداری و کشانەوەیە و ئێمە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو دەنێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەناو نەچێت و ڕێگری لە هەرجۆرە ئاژاوەگێڕیەک بکرێت، بەرپرسیارێتیمان لەئەستۆ گرتووە.
جەمیل بایک وتیشی، بەهۆی ئەوەی دەوڵەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی یاسایی و سیاسی نەناوە، چاوەڕوانییەکان بۆ دیموکراتیکبوون لاوازن.
باسی لەوەش کرد، ئەو پرۆسەیەی کە لە ٢٧ـی شوبات بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەستیپێکردووە، چووەتە قۆناغی دووەمینی خۆیەوە و دەوڵەت دەبێت دەستبەجێ ‘یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئازادی’ دابمەزرێنێت.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کە*جە*کە وتی، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەسەر بنەمای داننان بە مافەکانی کوردو جێگیرکردنیان لە سیستەمدا ڕوودەدات. ئەگەر نا نابێتە ئەنتێگراسیۆن. ئەنتێگراسیۆن تواندنەوە نییە، لەناوبردن نییە و بەتورککردنیش نییە. کورد بە ناسنامە، زمان، کلتوور و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەبن. بەم شێوەیە، دابڕانی ١٠٠ ساڵە کۆتایی دێت و ئاشتی دێتەدی.
وتیشی، پە*کە*کە خۆی هەڵوەشاندەوەو کۆتایی بە تێكۆشانی چەکداری هێنا، ئێمە لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد، ئێستا دەبێت دەوڵەت هەنگاوی خێرا بنێت، دەبێت دان بە مافی هیوای ڕێبەر ئاپۆدا بنێت و بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی یاسایی بپارێزرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە کۆبوونەوە سنوردارەکانی ئیمراڵیدا، ڕێبەر ئاپۆ رایگەیاندووە پێویستە قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەستپێبکات و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بچێتە قۆناغێکی نوێ و درەنگ کەوتنی پرۆسەکە بۆ گەلەکەمان ئەنجامێکی نەرێنی دەبێت، بەتایبەتی دوای کۆتایی هێنان بە پەکەکە و تێکۆشانی چەکداری، پێویستیەکی مێژوویی بە دامەزراندنی یاسا هەیە، هەڵمەتێکی ئاشتی بە بەرپرسیارێتیەوە گیراوەتەبەر، بەڵام لایەنی بەرانبەر هێشتا ماوە هەنگاو بنێت.