هەرێم نیوز
پەیوەندیی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا گەیشتە ئاستێکی دیکەی گرژی، دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، 29ی تشرینی یەکەم، خاڵێکی سەربازیی سوپای سووریا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب، کرایە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی سووریا کوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی بە سەختی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە کە "هەسەدە"ی بە بەکارهێنانی مووشەکی ئاراستەکراو تۆمەتبار کرد.
ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) لە زاری وەزارەتەوە بڵاویکردەوە کە ئەم هێرشە نیشانەی پشتگوێخستنی بەردەوامی "هەسەدە"یە بۆ هەموو تێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی پێشوو، جەختیشی کردەوە کە بەردەوامیی ئەو جۆرە کردەوەیە "لێکەوتەی نوێی لێدەکەوێتەوە".
هەسەدە تا ئێستا لەمبارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.
ئەم گرژییە پرسیار دروست دەکات لەسەر داهاتووی ڕێککەوتننامەی یەکگرتنی نێوان هەردوو لا، کە لە 10ی ئادار/مارسی ئەمساڵ لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی "هەسەدە" و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا واژۆ کرا.
ڕێککەوتنەکە بە ئامانجی یەکخستنەوەی وڵات، ئاماژە بە یەکگرتنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە "هەسەدە" لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا دەکات.
 "هەسەدە" بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ یەکگرتن، و سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە لیستی ناوی نزیکەی 70 سەرکردەی شەڕکەری دژ بە داعشی ڕادەستی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەشداریکردنیان لە سوپای سووریادا.
مەزڵوم عەبدی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی "بەشێکی بەهێزی" ئەو سوپایەی سووریا پێکدەهێنن کە لە قۆناغی دامەزراندندایە.
لەوەش زیاتر، وتووێژە سەربازییەکان بۆ دانانی میکانیزمەکانی یەکگرتن هێشتا ئاڵۆزن. لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە ئاماژە بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی زارەکی دەکەن لە کاتی سەردانی شاندێکی سەربازیی "هەسەدە" بۆ دیمەشق لە 13ی تشرینی یەکەمدا، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنی واژۆکراو لە نێوانیاندا نییە، ئەمەش دۆخی نایەکلایی بەسەر پلانی یەکگرتنی ئەو هێزانەدا زاڵ دەکات.