هەرێم نیوز
ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند کە بەرپرسانی حەماس لە کۆبوونەوەیەکدا پێش واژۆکردنی ئاگربەست لە 9ی تشرینی یەکەم، بە خۆی و جەیرد کوشنەریان وتووە کە گرووپەکە ئامادەیە چەکەکانی رادەست بکات.
سەبارەت بە چەک و پلانەکان، حەماس ئاماژەی بەوەداوە کە چەکەکانیان ڕادەستی هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتی دەکەن، کە چاوەڕوان دەکرێت لە سێ هەفتەی داهاتوودا دروست بکرێت.
ئەمریکا خەریکی داڕشتنی پڕۆگرامێکی گشتگیرە بۆ چەککردن و لێبووردن لە ئەندامانی حەماس.
ویتکاف دەڵێت هیواداربووم حەماس پابەندی بەڵێنەکەی بێت، چونکە ئەگەر وابکات، ئەوا پلانێکی گەشەپێدانی زۆر باش بۆ غەززە جێبەجێ دەکرێت کە پڕۆژەیەکی گەورەی دروستکردنی هەلی کاری لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە گەمارۆدراوەکانی رەفەح، واشنتۆن فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت لە بەرامبەر رادەستکردنی چەکەکانیان بۆ نزیکەی 100 تا 200 چەکداری حەماس کە لە تونێلەکانی ژێر شاری ڕەفەح گەمارۆ دراون.
ئەم هەوڵە وەک "نموونەیەکی سەرەتایی" بۆ پڕۆگرامە فراوانترەکەی چەککردن و لێبووردنی حەماس سەیر دەکرێت.
هەرچەندە بنیامین ناتانیاهۆ دژایەتی ئەم پێشنیارەی کردووە، بەڵام دیپلۆماتکارانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەدەن کە تەلئەبیب بە تەواوی رەتینەکردووەتەوە.