دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ژمارەی ئەو کەسانەی "هەژماری من"یان پڕنەكردووەتەوە ئاشکرا دەکرێت

هەرێم نیوز 

وەزارەتى دارایى هەرێم رایگەیاند، نزیکەى یەک ملیۆن مووچەخۆر فۆڕمى (هەژمارى من)یان پڕکردووەتەوە، دەشڵێت، لەکۆى ژمارەى خانەنشینان و فەرمانبەران، 115 هەزار کەس ماوە کە فۆڕمى (هەژمارى من)یان پڕنەکردووەتەوە. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکۆى ژمارەى خانەنشینان و فەرمانبەران، 115 هەزار کەس ماوە کە فۆڕمى (هەژمارى من)یان پڕنەکردووەتەوە، دوا وادەش کە وەزارەتى دارایی عێراق بۆ هەرێمى کوردستانى دیاریکردووە، کۆتایى ئەمساڵە.

دارایی هەرێمى کوردستان ئەوەشى ئاشکرا کردووە، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لەکۆبوونەوەى لەگەڵ ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران و بەرپرسانى دیکەى دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەى ڕاگەیاندووە، هەر مووچەخۆرێکى هەرێمى کوردستان تاوەکو 31ـى کانوونى یەکەمى 2025 کارتى بانکیى نەبێت، مووچەکانیان ڕادەگیرێت لەلایەن بەغدادەوە و ئەوەشی وەک دوامۆڵەت داناوە".

وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان، ئەوە دووپاتدەکاتەوە، هێشتا کات لەبەردەستدایە بۆ ئەوانەى مووچەکانیان نەکراوەتە ئەلیکترۆنى، کە لەو ماوەیەى ماوە، بچن مامەڵەکانیان تەواو بکەن بۆئەوەی مووچەکانیان لە پاش سەرى ساڵ ڕانەگیرێت.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى خانەنشینان سەربە وەزارەتى دارایی رایگەیاندووە، ئەوانەى مووچەیان نەکراوەتە ئەلیکترۆنى، پشکى شێر بەر خانەنشینان دەکەوێت، بۆیە بەپێویستى دەزانن بچن فۆڕمى هەژمارى من پڕبکەنەوە، ئەو خانەنشینانەى لە هەرێمى کوردستانیش نین، بریکارەکانیان دەتوانن بچن فۆڕمەکەیان بۆ پڕبکەنەوە تاوەکو کارتى بانکییان بۆ بکرێت.

هاوکات، ئەوەشى خستەڕوو، بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى هەژمارى من، کارتى نیشتمانى ببرێت، ئەگەر نەبێت، پێناسی بارى شارستانى و ڕەگەزنامە و کارتى زانیارى، ناسنامەى خانەنشینى، پێویستن بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمى هەژمارى من.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان رۆژى چوارشەممە 19ـى تشرینى دووەمى 2025 ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى ئەو خانەنشینانە بڵاوکردەوە، کە فۆڕمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە و رایگەیاند، مووچەی مانگی ئەیلولى سەرجەم ئەو خانەنشین و واریسانە ڕادەگیرێت، کە هەژماری منیان نییە، وتیشی: لەدوای سەری ساڵەوە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی کاش نامێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP