دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

هەفتەی داهاتوو نووری مالیکی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

هەرێم نیوز 

راوێژکارێکی نووری مالیکی ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە؛ دەشڵێت: "پێویستە مووچەی فەرمانبەران لە کێشە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە."
 
عەباس موسەوی، راوێژکاری نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی پێنجشەممە، 20-11-2025 بە بە میدیای پارتی راگەیاندووە: "لە چوارچێوەی جموجۆڵە سیاسییەکان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردەی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی ، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات."
 
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، بە مەبەستی پەلە کردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکهێناوە، لیژنەکە پێکهاتووە لە نووری مالیکی، هادی عامری و فالح فەییاز . 
 
بە وتەی راوێژکارەکەی، بڕیارە لەو سەردانەدا مالیکی لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. سەبارەت بە رۆژی سەردانەکەش بە دیاریکراوی، موسەوی وتی: "لە کاتی خۆیدا رایدەگەیەنین."
 
سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو راوێژکارەی مالیکی وتی: "لە سێ ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکان زۆر باش بوون و لەسەر زۆر کێشە گەیشتوونەتە چارەسەر و رێککەوتن؛ هەندێک خاڵی کەمیش بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە بە دڵنیاییەوە لە دیدار و کۆبوونەوەی سەرکردەکاندا چارەسەر دەبن."
 
موسەوی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە هەر جوڵە و هەڵوێستێکی سیاسی دووربخرێتەوە."
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە یاسای نەوت و گاز و بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکرێن.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند، لە هەمانکاتدا بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەی دا، یەکەمیان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەوەی دیکەشیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی ئاشکرا کرد، بڕیارە شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش بەمەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدا بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP