هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێکردنی ڕێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە کە مووچە بە تەواوی دابین کراوە، بۆ پەلەکردنیش لە دابەشکردنی، دەوامی ڕۆژانی هەینی و شەممەی کردە فەرمی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی 1ی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەستیان بە وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەران کردووە و دڵنیایی دەدات کە "مووچە بە تەواوی دابین کراوە (مؤمنة)."
بە مەبەستی پەلەکردن لە پرۆسەکە، وەزارەتەکە بڕیاری داوە ڕۆژانی هەینی و شەممە بۆ تیمە پەیوەندیدارەکان دەوامی فەرمی بێت.
وەزارەتی دارایی هۆشداریش دەداتە فەرمانگەکان کە دەبێت داتاکان بە وردی بنێرن و ژمارەکان لەگەڵ لیستە کاغەزییەکان یەک بگرنەوە، ئامانجیش لەمە "هەژمارکردنی بەشداریی خانەنشینی و بڕینی باجە."
لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە، هەرکاتێک لیستەکان بە تەواوی گەیشتن، پارەکە خەرج دەکرێت و "ئەگەر داتاکان هەڵە بن یان دوا بکەون، ئەوا بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو فەرمانگەیەی لیستەکەی ناردووە."