دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

یەکشەممەی داهاتوو پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارەکانی بۆ ناردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی ڕاگەیاند و پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە نووسراوی فەرمی سەبارەت بە بڕی داهاتی نانەوتی ئاراستەی بەغدا کراوە، و لە ئێستادا چاوەڕێی ڕەزامەندیی حکومەتی فیدراڵین لەسەر ٥٠٪ـی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان، بۆ ئەوەی پشکی بەغدا ڕەوانە بکەن.

سەبارەت بە بڕی ئەو داهاتەی بڕیارە ڕەوانە بکرێت، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار بووە، کە لەو بڕەش نزیکەی ٥٢ ملیار دیناری دەبێتە پشکی حکومەتی فیدراڵی.

باسی لەوەش کردووە، هەموو ڕێکارەکان کۆتاییان هاتووە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئەو بڕە پارەیە وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە: ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی.

هاوکات لەبارەی پرسی مووچە و داهاتەکانەوە، پێشتر لە (2ـی 5ـی 2026)، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دڵنیایی دا، کە پرسی داهاتی ناوخۆ نابێتە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و ڕایگەیاندبوو: "مووچەی مانگی نیسان خەرج دەکرێت و داهات نابێتە کێشە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP