هەرێم نیوز
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی فەرمیدا هۆشداری توند دەداتە ئەو فەرمانبەرانەی کە بە شێوەی (تەناوب) دەوام دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، کە کارکردن بەو سیستەمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی 5ـی 2026، فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا، وەزیری داد، گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتەکەی کردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێشتر بەهۆی هەندێک ڕووداوەوە لە هەندێک ناوچە کار بە (تەناوب) دەکرا، بەڵام لە ئێستادا ئەوە ماوەوکاریی یاسایی نییە و پێویستە فەرمانبەران بەردەوام بن لە دەوامکردن.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە، کە زانیارییان پێ گەیشتووە هەندێک لە لێپرسراوانی فەرمانگەکان بەردەوامن لەسەر شێوازی دەوامی (تەناوب) و چاوپۆشییان لە فەرمانبەران کردووە، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانە.
وەزارەتی داد جەختی کردەوە، کە ئەمە دوایین ئاگادارکردنەوەیە و هەر لێپرسراوێکی فەرمانگە و فەرمانبەرێک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
وەزیری داد لە کۆتایی گشتاندنەکەدا دووپاتی کردووەتەوە، کە بەرانبەر بە یاسا و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان، هیچ چاوپۆشییەک لە هیچ کەسێک ناکرێت و دەبێت دەوامی فەرمی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان جێبەجێ بکرێت.