هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی "ئەنجومەنی باڵای سیادی بۆ دەستپاکی و چاودێری و گەڕاندنەوەی دارایی گشتی" دەرکرد، کە ئامانج لێی ڕاگرتنی بەهەدەردانی سامانی دەوڵەت و پێداچوونەوەی وردە بە گرێبەستە حکومییەکاندا.
ئەمڕۆ شەممە، ٣٠ـی ٥ـی ٢٠٢٦، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کردووە سەبارەت بە ڕێکارەکانی وردبینی لە گرێبەستە حکومییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سەرۆکی داواکاری گشتی و دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی بەشداربوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا، عەلی زەیدی فەرمانی پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە باڵایەی دەرکرد، کە سەرۆک وەزیران خۆی سەرۆکایەتیی دەکات و هریەک لە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی تێیدا ئەندام دەبن.
ئەرکی سەرەکیی ئەم ئەنجومەنە، چاودێریکردنی وەزارەتەکان، لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و پارێزگاکان دەبێت سەبارەت بە بابەتی جەوهەری و گەڕاندنەوەی پارەکانی دەوڵەت، بە جۆرێک کە ئەنجومەنەکە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامی کارەکانی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دادگا دەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە لێکۆڵینەوە لە کەڵکی ئابووریی پڕۆژەکان بکرێت و لیژنەی لاوەکیی پسپۆڕ هەبێت بۆ وردبینی لە گرێبەستەکانی حکومەت، بە مەبەستی زامنکردنی بەراوردکردنیان بە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان.
هاوكات، گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی دارایی کراوە، کە ئەرکی دانانی میکانیزمی وردبینی و لێکۆڵینەوە بێت لە گرێبەستە حکومییەکان بەر لە ئیمزاکردنیان، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هاوتای تەرخانکراوە داراییەکانن.