هەرێم نیوز
سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، ڕایدەگەیەنێت، هیچ متمانەیەک بە دەستەواژە و بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر نییە، و تاران تاوەکو دڵنیا نەبێت لە بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی، هیچ ڕێککەوتنێک پەسند ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی 5ـی 2026، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، لە میانی دانیشتنێکی ئەلیکترۆنیی پەرلەماندا (کە لە ڕێگەی دووربەدوورەوە بەڕێوەچوو) کاتێک وەک سەرۆکی دەسەڵاتی یاسادانانی ئەو وڵاتە سوێندی یاسایی خوارد، بڵاویکردەوە، هیچ متمانەیەک بە لێدوان و بەڵێنەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نییە، و ئەوەی بۆ ئیدارەی تاران دەبێتە پێوەر، تەنیا ئەو دەستکەوتە ڕاستەقینە و بەرجەستانەن کە پێویستە لەسەر زەمینی واقیع بەدەست بهێنرێن.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نابێت خۆی لە ناو "ململانێ پڕووکێنەرەکاندا" گرفتار بکات، و ڕایگەیاند، ئەوان بەڵێنی بێمەرج بە کەس نادەن، بەڵکو پێویستە بە دەستنیشانکردنی دروستی کارە لەپێشینەکان و پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و داواکارییە گشتییەکان بەسەر تێبینییە حزبییەکاندا، ڕێڕووبنێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات دابڕێژرێت.
قاڵیباف لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، پەیامی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ نوێنەرانی پەرلەمان وەک نەخشەڕێگای خولی دوازدەیەمی پەرلەمان وەسف کرد، و جەختی کردەوە کە پەرلەمان دەبێت لە پاڵ پاراستنی سەربەخۆیی خۆیدا، هەماهەنگی و هاوکاریی تەواوی لەگەڵ حکومەت و دەزگاکانی دیکەدا هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدا دێن کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەشێک لە نوێنەرانی بەرەی توندڕەو دژایەتیی خۆیان بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ دەربڕیوە و داوای هەڵوێستی توندتریان کردووە؛ چاودێرانیش پێیان وایە قسەکانی قاڵیباف لەسەر دوورکەوتنەوە لە ململانێی پڕووکێنەر، وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو لایەنە ناوخۆییانە دادەنرێت.