هەرێم نیوز
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانیان قەڵای "شەقیف"ـیان لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵ کردووە، هاوكات حزبوڵای لوبنانیش بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە نەهاریە و شلۆمی کردە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی 5ـی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل توانیویانە قەڵای شەقیف لە باشووری لوبنان کۆنترۆڵ بکەن، و ئەم پێشڕەوییەشی بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا وەسف کرد.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەش کردووە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل توانیویەتی نزیکەی 700 ئەندامی حزبوڵای لوبنانی بکوژێت، هەروەها لە دەستپێکی شەڕەوە کە لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە سەری هەڵداوە، هەشت هەزار ئەندامی ئەو گرووپە کوژراون؛ ڕاشیگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان ئەنجامی گرنگیان بەدەست هێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییە سەربازییەکان لە چەندین ناوچەی باشووری لوبنان بە توندی بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە و هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵای لوبنانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە مەبەستی بەرگریکردن لە خاکی لوبنان و لە وەڵامی پێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن ئیسرائیلەوە کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هاوڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی باشوور، هێزەکانیان کۆبوونەوەیەکی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و سەربازانی سوپای ئیسرائیلیان لە شارۆچکەی بەیازە بە موشەک کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیاندراوەکەی حزبوڵادا هاتووە، لە کاتژمێر 8:40ـی بەیانیی ئەمڕۆ، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلیان لە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرێک لە شارۆچکەی شلۆمی پێکاوە، جگە لەوەی ژێرخانێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیلیشیان لە شارۆچکەی نەهاریە بە موشەک بۆردومان کردووە.