دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ لە ناتانیاهۆ توڕە دەبێت و بە سەرکێش وەسفی دەکات

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕادەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران قبوڵی کردووە کە نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئاشکراشی دەکات کە موجتەبا خامنەیی ڕۆڵی سەرەکی لە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتندا دەگێڕێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی 6ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی "پاد فۆرس وەن"ـدا بڵاویکردەوە، حەز دەکات لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆببێتەوە و پێشبینیش دەکات لە قۆناغێکی گونجاودا و بەپێی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، ئەو دیدارە ئەنجام بدرێت.

هاوكات سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە گفتوگۆیەکی یەکجار توند و گرژی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەبووە و ڕایگەیاند، هەرچەندە ناتوانێت بڵێت توڕە بووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی شەڕی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، کەمێک دڵگران و نائارام بووە، سەرڕای ئەوەش جەختی کردەوە کە لە ئێستادا پێوەندیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا باشە.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن، کە دوێنێ ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە شەوی یەکشەممەی ڕابردوو ئەنجام دراوە، بە توندی هێرشی کردووەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ و بە کەسێکی "سەرکێش و نائارام" وەسفی کردووە، و پێی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەو نەبووایە، ئێستا ناتانیاهۆ لە زینداندا دەبوو، چونکە لە ئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەم شەڕەوە ناوبانگی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی یەکجار بەرفراوانی لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەتی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا کە وەک نیشانەیەک بۆ قووڵبوونەوەی ناڕازایەتییەکانی واشنتن لەبەرامبەر ستراتیژیی سەربازیی تەلئەڤیڤ لە ناوچەکەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP