هەرێم نیوز
کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی دایەوە، و ڕایگەیاند،، کە دەستەکە دەیەوێت بە بیانووی نادروست و بە شێوەیەکی نایاسایی کۆمپانیاکە لە بازاڕی کارکردن دووربخاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ـی ٦ـی ٢٠٢٦، میدیاکان بڵاویانکردەوە، کە بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆرەک، سەرباری ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ڕووبەڕووی ستەم بوونەتەوە و لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون، بەڵام لەسەر ڕێنمایی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چوونەتە ناو ڕێککەوتنی پێکهاتن (التسوية)؛ بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت، لایەنی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن کۆسپی خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
کۆرەک تیلیکۆم ئاشکرای کردووە،، کە خاڵی سەرەکیی کێشەکە ڕەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باج بووە کە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بەو پێیەی شوێنی دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە هەرێمدایە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،، کە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن پشتگوێی نووسراوە فەرمییەکانی باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتی خستووە. هاوكات، بڕیارەکەی ڕۆژی ٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی دەستەکە بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە بە “بڕیارێکی زۆردارانە” ناو دەبات کە ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە کۆمپانیاکە و ملیۆنان بەشداربوو، هەروەها وێرانکردنی کەرتی گەیاندن لە عێراقدا.
کۆڕەک ئەو دەنگۆیانە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە کە گوایە جدی نەبوون لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و ڕایگەیاند،، تا ڕۆژی ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٦ پەیوەندییەکانیان بەردەوام بووە، تەنانەت یەکەم ڕۆژی دوای جەژنی قوربان شاندێکی باڵایان ناردووە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەکە، بەڵام ناوبراو لە کاتی دیاریکراودا خۆی لە چاوپێکەوتنەکە دزیوەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆڕەک تیلیکۆم دڵنیایی داوەتە سەرجەم بەشداربووانی کە متمانەی تەواویان بە دادگا و دامەزراوە دەستوورییەکان هەیە، و هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافە یاساییەکانیان.