هەرێم نیوز
کۆماری ئیسلامیی ئێران لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بەشدار و هاوئاهەنگی سەرەکین لەو هێرشە ئاسمانییانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کرانە سەر وڵاتەکەی.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەمریکا لە پشتی هەموو ڕووداوەکانە
ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی کتوپڕدا بە توندی هێرشی کردە سەر ئیدارەی واشنتن و ڕایگەیاند: "تەواوی ئەو گرژی و پەرەسەندنە سەربازییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە پشتە و واشنتن هۆکاری سەرەکیی تێکدانی سەقامگیری و نوێبوونەوەی ئاڵۆزییەکانە."
وتەبێژەکە جەختی کردەوە، کە بەرپرسیارێتیی یەکەم لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکەی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو لە ئەستۆی ئەمریکادایە و وتی: "هیچ کەسێک باوەڕ بەوە ناکات کە قەوارەی زایۆنی (ئیسرائیل) بتوانێت بە بێ گڵۆپی سەوز و هاوئاهەنگیی تەواو و هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمریکادا، چالاکیی سەربازی لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات. ئێمە زانیاریی وردی هەواڵگریمان لەبەردەستدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە شێوەیەکی کردەیی بەشدارە لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل و هێرشەکانی دژی خاکەکەمان."
ئامادەیی بۆ بەرپەرچدانەوە و بابەتی سامانە بلۆککراوەکان
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاران تا کۆتا ساتەکان پابەندی ئاگربەست بووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بڕیارەکەی پێشێل کردووە، جەختیشی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ بەرگری لە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئێران. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وتیشی: "ئەم سەرکێشییانە تەنها ئاستی بێمتمانەیی ئێمە بەرامبەر بە ئەمریکا زیاد دەکات، کە تەنانەت لە کەشێکی ئاڵۆزیشدا پەیاممان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ دەکرد."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە پلانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی ٢٤ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی کوێت و بەحرەین، ئیسماعیل بەقایی ڕایگەیاند: "ئەم بانگەشانە تەنها بەشێکن لە شەڕی دەروونی و فشاری میدیایی ئەمریکا؛ ئێمە بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە داراییەکانی گەلی ئێران ناکەین و ئەم بابەتە بەشێکە لە پڕۆسەی دیپلۆماسیی بەردەواممان."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، هێرشی کردە سەر ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و پێگەکەی بە "لایەنگر و سیاسی دژ بە تاران" وەسف کرد، هاو کات دووپاتی کردەوە کە کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنانیش مەرجێکی سەرەکی و بەشێکی جیانەکراوەیە لە هەر جۆرە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.