هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی توند و بێپێشینە ئاڕاستەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات و ڕادەگەیەنێت کە تەلئەبیب "هیچ ڕێگەیەکی تری لەبەردەمدا نییە" جگە لە قبووڵکردنی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە واشنتن لەگەڵ تاراندا دەگاتە سەر هێڵ، و جەختیش دەکاتەوە کە بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی لەم دۆسیەیەدا تەنها خودی خۆیەتی.
ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ناوداری "فاینانشیاڵ تایمز" (Financial Times)، بە ئاشکرا سنوورێکی بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دانا و ڕایگەیاند: "نەتانیاهۆ هیچ بژاردەیەکی تری نابێت؛ لێرەدا من بڕیارەکان دەدەم، تەواوی بڕیارەکان لای منە و ئەو بڕیاردەر نییە."
ئەم لێدوانە پۆڵایینەی ترەمپ تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە سوپای پاسدارانی ئێران، وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی پێی دەڵێت "پابەندنەبوونی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاگربەست"، بنکەی ئاسمانیی "ڕامات دەیڤد"ی ئیسرائیلی بە ١٠ موشەکی بالیستی کردە ئامانج (کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند سەرجەمیان لە ڕێگەی سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێنراون).
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئەم هێرشەی بە "جددیترین پێشێلکردنی ئاگربەست" وەسف کرد کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم پەرەسەندنە سەربازییە کاریگەری لەسەر ڕەوتی دانوستانە کتوپڕەکانی لەگەڵ تاران نابێت و وتی: "ئەم هێرشانە بە هیچ شێوەیەک هیچیان بەدەستنەهێناوە و کاریگەرییان لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە نابێت."
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و سەرپێچییەکەی ئیسرائیل
کایەی دراماتیکیی ڕووداوەکان کاتێک ئاشکرا بوو کە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە؛ بنیامین نەتانیاهۆ لە سەرەتادا ڕازی ببوو بە داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دواخستنی وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "ئارامدا" بە نەتانیاهۆیی ڕاگەیاندبوو کە ئەوان زۆر نزیکبونەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران، و داوای چەند ڕۆژێک مۆڵەتی لێکردبوو تاوەکو دانوستانەکان بە بێ دەستوەردانی سەربازی بەردەوام بن.
بەڵام سەرەڕای ئەو داواکارییە توندەی کۆشکی سپی، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، کتوپڕ هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران. دەستبەجێ دوای هێرشەکە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان لەم هێرشەدا نەکردووە و پانتایی هێرشەکەی ئیسرائیلیش "تا ڕادەیەک سنووردار" بووە.
پاشەکشەی گەشبینی و وریایی لە هەڵسەنگاندندا
بەپێچەوانەی لێدوانە حەماسییەکانی پێشووی کە تێیدا گەشبینییەکی ڕەهای پیشان دەدا، ترەمپ لەم چاوپێکەوتنە نوێیەیدا لە کاتی قسەکردن لەسەر کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە وتی: "پێموایە ڕێککەوتنەکە هێشتا لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام دەبینین چی ڕوودەدات."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بەپێی کاریگەری و دەرەنجامە پراکتیکییەکانی، پڕۆسەی ئاشتییەکە هەڵدەسەنگێنن؛ ڕەنگە سەرکەوتوو بێت یان شکست بهێنێت، بەڵام ئەو هێرشە موشەکییەی ئێران و وەڵامدانەوە سنووردارەکەی ئیسرائیل ناتوانن بنەمای ستراتیژیەتی واشنتن بگۆڕن.