هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشە توندەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کوێت، بەحرەین و ئوردن دەکات و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئەو وڵاتە هاوسێیانە دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی 7ـی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتە هاوسێیانە، بە تەواوی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی هاوسێیەتیی باشە، و شانشینی سعوودیە پاڵپشتی لە هەر ڕێکارێک دەکات کە ئەم وڵاتانە بۆ پاراستنی خۆیان دەیگرنە بەر.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دژایەتیی تەواوی خۆی بەرامبەر هێرشە ئاشکراکانی ئێران بۆ سەر ژێرخان و شوێنە مەدەنی و گرنگەکان نیشان دا؛ لەوانەش بەئامانجگرتنی یەکێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پاڵاوتن و شیرینکردنی ئاو لە دەوڵەتی کوێت.
لە کۆتاییدا سعوودیە جەختی لەسەر گرنگیی ڕاگرتنی دەستبەجێی سەرجەم جۆرەکانی پەرەسەندنی سەربازی کردەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە.