هەرێم نیوز
چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی لیوای کۆماندۆی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بەهۆیەوە کامێرایەکی چاودێرییان لەکار خست، هاوکات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕووداوەکە زیانی گیانی نەبووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە کامێرایەکی حەراریی سەر بە لیوای کۆماندۆی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللەی سەرچاوەیەکی نەناسراو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە و سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکە لە ناوچەیەکی سەخت و شاخاوی کە دەڕوانێتە سەر قەراخی زێی بچووک و دەکەوێتە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، هەروەها لە نزیک ناوچەی مامە لە نێوان حەویجە و سەرگەڕان ئەنجام دراوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕووداوەکە تەنیا بووەتە هۆی پێکانی کامێراکە و لەکارخستنی، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا لێ بکەوێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، ئەو هێزەی بەرپرسە لە پاراستنی ناوچەکە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەستیان بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی کێوماڵکردن و گەڕان لە ناوچەکەدا کردووە، بە مەبەستی ڕاوەدوونان و دۆزینەوەی سەرچاوەی تەقەکان و دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان.