هەرێم نیوز
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پرسی ئاسایشی سنوورەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد کە گفتوگۆیان لەبارەی هێرشەکەی سەر سعوودیە و پرسی گەرووی هورمزەوە کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پرسە دووقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕەوشی ئێستایان کرد.
هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە.
لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا ئاماژەیان بە پێویستیی گرتنەبەری هەڵوێستی بەرپرسیارانە کرد بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان و فراوانبوونی بازنەی ململانێکان.
لەلایەکی دیکەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ڕایگەیاند: "لەگەڵ عەراقچی گفتوگۆمان لەبارەی ئەو هێرشە کرد کە کرایە سەر عەرەبستانی سعوودیە، هەروەها باسمان لە کاری لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لەو پرسە کرد."
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی عومان تایبەت بە پرسی گەرووی هورمز دەربڕی و بەشداریکردنی بەغدای لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاگەیاند.
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی دۆخی یەمەن، تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ، دانوستان و کەمکردنەوەی گرژییەکانەوە دەبێت.