هەرێم نیوز
بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا لە ڕێگەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە گشتی و فریاکەوتنەکانەوە بە نرخێکی ڕەمزی یان بێبەرامبەر، زیاتر لە ١٨٢ ملیار دینار باری دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەمکراوەتەوە؛ هاوکات پشکی هەر تاکێک بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەکان ساڵانە بە تێکڕا نزیکەی ١٦٧ دۆلار بووە.
ڕاپۆرتەکە چەندین داتای وردی لەبارەی کەرتی تەندروستیی گشتی خستووەتەڕوو، کە دەریدەخات کەرتی تەندروستی وەک خزمەتگوزارییەکی گشتی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و ئامانجی قازانجکردن نەبووە:
١. نەشتەرگەری و فریاکەوتن (گەڕاندنەوەی ١٨٢ ملیار دینار):
نەشتەرگەرییە گشتییەکان: لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا ٢١٧ هەزار و ٢٣٨ نەشتەرگەری بە نرخی ڕەمزیی ٧ هەزار دینار لە نەخۆشخانە حکوومییەکان کراون؛ ئەگەر لە کەرتی تایبەتدا بکرابان بە تێکڕای ٧٥٠ هەزار دینار، بڕی ١٦١.٤ ملیار دینار لە گیرفانی هاووڵاتییان خەرج دەکرا.
فریاکەوتن: ٤١ هەزار و ٢٥٠ نەشتەرگەریی کتوپڕ بە تەواوی بێبەرامبەر ئەنجامدراون، کە بەراورد بە کەرتی تایبەت (تێکڕا ٥٠٠ هەزار دینار بۆ هەر
نەشتەرگەرییەک)، بڕی ٢٠.٦ ملیار دیناری بۆ هاووڵاتییان گەڕاندووەتەوە.
٢. نەشتەرگەرییە هەستیارەکان و چارەسەرییە پێشکەوتووەکان:
ئەنجامدانی ١,١٠٨ نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلە و ٢٤ چاندنی مۆخی ئێسک.
١٣٨ هەزار و ٣٠٦ پڕۆسەی شوشتنی گورچیلە بە خۆڕایی و بەردەوام.
٣٢ هەزار و ٧٩٠ پڕۆسەی قەستەرە و باڵۆن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ.
٢٨ هەزار و ٥٧٢ دانیشتنی چارەسەر بە تیشک بۆ تووشبووانی وەرەم و ٥٣٦ نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە.
٣. نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەرمان:
شێرپەنجە: پرۆسەی پشکنین، دەستنیشانکردن و چارەسەری کیمیایی و تیشکی بە تەواوی لەسەر بودجەی گشتی بووە، کە تێچووەکەی بۆ هەر نەخۆشێک لە نێوان ١٨٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار دۆلاردایە.
پشتگیریی نەخۆشییەکانی دیکە: تێچووی چارەسەری مانگانەی هیمۆفیلیا ١٥ هەزار دۆلار، شوشتنی گورچیلە ساڵانە ٩,٦٠٠ دۆلار، چارەسەری بێبەرامبەر بۆ ٢٣ هەزار و ٣٦٩ تووشبووی تالاسیمیا بە تێچووی ٧٠٠ دۆلار مانگانە، ٩٠٠ دۆلار تێچووی ڕۆژانەی چاودێریی چڕ بۆ هەر نەخۆشێکی سووتان، و دابینکردنی بێبەرامبەری بوتڵی خوێن کە تێچووی ئامادەکردنی ١١٠ دۆلارە.
تێچووی دەرمان: کۆی گشتیی دابینکردنی دەرمان لە ساڵی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ٣٢٥ ملیار دینار (١٠٣ ملیار لەلایەن هەرێم و ٢٢٢ ملیار لەلایەن بەغداوە).
٤. هاوسەنگیی دارایی و پشکنینە پێشوەختەکان:
لە کاتێکدا داهاتی کەرتی تەندروستی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ٧٠ بۆ ١٣٨ ملیار دینار بووە، ساڵانە خەرجییەکانی حکوومەت بۆ ئەم کەرتە لە دەوروبەری ٨٠٠ ملیار تا نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە؛ لە بواری خۆپارێزیشدا، ٥١٢ هەزار و ٢٦٤ پشکنینی شەکرە و پەستانی خوێن، ١٢٢ هەزار و ٧٠٥ پشکنینی پێش هاوسەرگیری، و ٤٧ هەزار و ١٧٦ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک (مامۆگرافی) بە خۆڕایی ئەنجامدراون.